ماكیاژ له‌سه‌رده‌می كۆن ‌و نوێدا

sharpress.net

640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

11/04/2019‌

شارپرێس:
میكیاژ یان (makeup)، بەو ماددانە دەوترێت كە ئارایشتی پێدەكرێت. مەبەستی سەرەكی لە ئێستادا، جوان پیشاندانی ڕووخسار و دەموچاوە لای ئەوانی تر، شاردنەوەی ئەو شتە نامۆ یان بەدڵنەبووانەیە كە لەسەر ڕووخسار هەن.

لە ڕووی مێژووییەوە میكیاژ، لەسەردەمیی میسرییە كۆنەكانەوە بەكارهاتووە، لەو سەردەمە پیاوان و ژنان بەكاریان هێناوە؛ ئەگەرچی زیاتر دەورووبەری چاوی گرتووەتەوە و، بۆ ئەمەش ماددەیەكیان بەكارهێناوە پێی دەوترێت(كل)، لە ئێستاشدا ئەمە هەر ماوە بەڵام بەشێوەیەكی زۆر كەم و، زیاتر لای كەسە بە تەمەنەكان بەكاردێت. 

میسرییە كۆنەكان، لە بەركارهێنانی میكیاژدا، پشتیان بە ئەفسانەیەك بەستبوو، گوایا ئەم كارەیان، دووریان دەخاتەوە لە (هێزی خراپەكار)!

ئەگەر لەسەردەمە كۆنەكاندا، ئەو مانایەی وەرگرتبێت و كەسی بەكارهێنەر بەو نییەتەوە میكیاژی كردبێت كە لەسەرەوە ئاماژەم پێكردووە، ئەوا لەسەردەمەكانی تردا، مانای تر وەردەگرێت و، دەچێتە خزمەتی بازرگانیی و سەرمایەوە، كۆمپانیاكانی ئەم بوارە دەچنە كێبڕكێوە..

لەسەرەتای سەدەی بیست-ەوە، میكیاژكردن بە شێوەیەكی بەربڵاو گەشەی كرد. بوونی میدیا و شاشە ڕۆڵی بەرچاویان بینی لەم تەشەنەسەندنەدا؛ ئەوە میدیا و سینەما و تیڤییەكان بوون، لەڕێی پیشاندانی ئەستێرەكانی سینەما و میدیاكاران و كەسانی بەناوبانگەوە، كە ناچاربوون بە بەكارهێنانی میكیاژ، تاكو بە سەرنجڕاكێشترین شێوە دەركەون لای بینەر، ئەمانە وایكردووە میكیاژ زیاتر بەربڵاوتر ببێت.

لە ڕوویەكی ترەوە، بەكارهێنانی میكیاژ، ڕۆڵی لە كرانەوەی كۆمەڵگە بینیوە بە ڕووی دەرەوەدا؛ چونكە پەیوەستە بە مۆدێلاتەوە، وڵاتێكی داخراوی وەكو سعودییە، لەم یەك دوو ساڵەی دواییدا، بەهۆی چاكسازییەكانی پادشای جێنشینەوە، كە كۆمەڵێك بڕیارییدا خزمەتبوون بە كرانەوە و ژن، لە ماوەیەكی كەمدا، بڕێكی زۆر لە ماددەكانی میكیاژیان بەكارهێنا، كە بوو بوو بە جێ سەرنجی میدیاكان.

زۆرجار ئەوە بە گوێی ژناندا دراوە، یاخود وەكو سوكایەتییەك بەكارهێنراوە، كە هەر خەریكی میكیاژن لەگەڵ كۆمەڵە قسەوقسەڵۆكێكی تر، وەك جیاكارییەكی ڕەگەزی، بەرامبەر ژنان بەكارهاتووە؛ لە ئیستادا بەهۆی ئەوەی كە كوڕانیش بەكاریدێنن ئەو قسانەش گرنگییەكی نەماوە.

نیگار عومەر







ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved