ناوی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی چاویان لەوەرگرتنی پۆستە
ململانێیەكی توند هەیەو ناوی هیچ كاندیدێك یەكلانەبووەتەوە

کوردستان

12/04/2019‌ 6706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەناوخۆی یەكێتی نیشتمانی چەند بەرپرسێك چاویان لەوەیە لەكابینەی نوێی حكومەت پۆستی باڵاو وەزاری وەربگرن، كە لەو بارەوە ململانێیەكی توند هەیەو ناوی هیچ كاندیدێكیش یەكلانەبووەتەوە.

یەكەم پۆستی باڵا، كە یەكێتی لەسەرۆكایەتییەكان وەریدەگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانە، هەریەكە بێگەرد تاڵەبانی‌و رێواس فایەق، ئەندامانی سەركردایەتی چاویان لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستەیەو تائێستاش هیچ كامیان وەك كاندید یەكلانەبووەنەتەوە.

رێواس فایەك لەلایەن باڵی كۆسرەت رەسوڵ پشتگیری دەكرێت‌و بێگەرد تاڵەبانیش لەلایەن باڵی دەسترۆیشتووی ناو یەكێتی، كە ئەوە ململانێیەكی توندی لەنێوان دروست كردوون‌و رەنگە ململانێكان لەداهاتوو لەو بارەوە زیاتریش بن.

دوای ئەو پۆستە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، كە تاڕادەیەك ناوی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستەكە یەكلابووەتەوە، بەڵام ئەوەش واتای ئەوە نییە هیچ كەسێكی تر چاوی لەپۆستەكە نییەو رەنگە لەگەڵ نزیكبوونەوەی دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، چەند بەرپرسێكی یەكێتی خۆكاندیدكردنیان بۆ ئەو پۆستە رابگەیەنن.

یەكێتی جگە لەو پۆستە، رەنگە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیش وەربگرێت، كە هەریەكە لە ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، حاكم قادر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید بكەن‌و لەئێستاشدا جۆرێك لەململانێ‌ لەنێوان ئەو كاندیدانە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دروست بووە، كە هێشتا بۆ حیزبەكە یەكلانەبووەتەوە.

هەرچی پۆستە وەزارییەكانە یەكێتی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە، وەك وەزارەتێكی سیادی وەردەگرێت، كە لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سیروان كوێخا نەجم‌و مستەفا چاوڕەش ئەندامانی سەركردایەتی جەبار یاوەر چاویان لەوەرگرتنی پۆستی ئەو وەزارەتەیە.

هەروەها یەكێتی پۆستی وەزارەتی پلاندانانیش وەردەگرێت، كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ چاوی لەوەرگرتنی پۆستەكەیەو تاڕادەیەكیش تائێستا ركابەری نییەو رەنگە پۆستەكەی بەزوویی بۆ یەكلاببێتەوە.

لەگەڵ ئەوەش یەكێتی پۆستەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و رۆشنبیری‌و خوێندنی باڵاو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری عێراق وەردەگرێت، كە هەریەكە لە سەعدی ئەحمەد پیرەو جەمال حسێن‌و ئاسۆس عەلی‌و شێركۆ مەنگوڕی‌و یوسف گۆران چاویان لەوەیە یەكێك لەو پۆستە وەزارییانە وەربگرن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، تائێستا میكانیزمی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان یەكلانەبووەتەوە، كە بەشێك پێیانوایە، سەركردایەتی بەدەنگدان یەكلایبكاتەوەو بەشێكی تریش پێیانوایە، مەكتەبی سیاسی دوای رێككەوتن پۆستەكان یەكلابكەنەوە، كە ئەو بۆچوونە جیاوازانە بەشێكی ترە لەململانێكانی ناو حیزبەكە.

هـ ـ ح