موسەنا ئەمین دژی بە تیرۆرست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانە

عیراق

12/04/2019‌ 1185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موسەنا ئەمین ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، دژایەتی خۆی بۆ بەتیرۆرست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە راگەیاند.

موسەنا ئەمین، كە هاوكات پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقە، سەبارەت بەبڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەكو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بیانی دەڵێت "بڕیارەكەی ئەمریكا سەبارەت بە سوپای پاسدارانی ئێران بڕیارێكی نامەنتقی و نادروست بوو".

ئەو پەرلەمانتارە لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: "پێم وانییە هیچ هێزێكی سیاسی لەعێراق پشتگیری ئەو تەنگەژەو بڕیارەی ئەمریكا بكات دژ بە سوپای پاسدارانی ئێران بكات لەبەرخاتری ئێران نییە، بەڵكو لەبەر خاتری عێراق خۆیەتی تا نەبێتە مەیدانی جەنگ، چونكە لە ئەگەری ڕودانی جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران كە یەكێكە لە ئەگەرەكان بەهۆی ئەم بڕیارەوە عێراق مەیدانی جەنگەكەیە".

هەروەها دەڵێت: دەستووری عێراقیش ڕێگە نادات، كە خاكی عێراق بەكاربهێنرێت بۆ هێرش كردنە سەر دەوڵەتانی دراوسێی عێراق لەنێویشیاندا ئێران، بەڵام عێراق ئەوەندە بەهێز نییە بتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت و ڕێگا لە ئەمریكا و ئێران بگرێت، بەڵام دەتوانێت لەڕێگای دیبلۆماسیەوە سەرنجی هەردوو دەوڵەتەكە لەیەكتر نزیك بكاتەوە كە من پێم وایە عیراق لەم ڕووەوە بەهێزە".

هـ ـ ح