كێشەكان بەردەوامە
گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی هیچ بەرەوپێشوونێكی بەخۆوە نەدیوە

کوردستان

12/04/2019‌ 3602 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گفتوگۆكانی پارتی دیموكرات لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی هیچ بەرەوپێچوونێكی بەخۆوە نەدیوەو بەو هۆیەشەوە كێشەكان لەسەر پرسی زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم بەردەوامە.

ماوەی رابردوو پارتی بۆ رازیكردنی یەكێتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی بۆ سەرۆكی هەرێم كرد، كە ئەوە ناڕەزایی بزووتنەوەی گۆڕانی لێكەوتەوەو ئەوەش كێشەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دروست كرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، سەرجەم گفتوگۆكانی چەند رۆژی رابردووی پارتی لەگەڵ گۆڕان‌و یەكێتی هیچ ئەنجامێكی نەبووە، كە ئەو حیزبە بەدوای چارەسەرێكی ناوەندی بۆ ئەو پرسە دەگەڕێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت پۆستێكی لەسەرۆكایەتی هەرێم هەبێت، لەبەرانبەردا گۆڕان ئەوە رەتدەكاتەوەو دەیەوێت تەنیا جێگرێك هەبێت بۆ ئەو پۆستە.

ئەمە لەكاتێكدایە، چەندین مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوەو بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ دواكەوتووە، كە ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هـ ـ ح