وەزارەتی دارایی هەرێم چەند توێژێك لە دانەوەی پێشینەكان دەبەخشێت

کوردستان

12/04/2019‌ 1376 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند توێژێك لە دانەوی پێشینەكانی هاوسەرگیری و خانووبەرەو نیشتەجێكردن دەبەخشێت لەوانەش شەهیدی شەڕی دژی داعش.

بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری كە واژۆی رێباز حەملان وەزیری دارایی لەسەرە هاتووە، ئەو پێشینانەی كە وەرگیراون لەلایەن هاوسەری (شەهیدان و بێ سەروشوێنانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسەوانی سنور و هاوڵاتییانی خۆبەخش و فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی) و لە سەنگەرەكانی دژ بە چەكدارانی داعش شەهیدبوون یان بێ سەروشوێن بوون، لە قەرزەكانی (هاوسەرگیری و خانوبەرە و نیشتەجێبوون) دەبەخشرێن.

ئاماژە بەوەشكراوە، هاوسەری شەهیدان و بێ سەروشوێنكراوانی جەنگی دژبە داعش كە پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە لە دانەوەی قەرزی هاوسەرگیری دەبەخشرێن.

هەروەها ئەوانەی كە قیستی یەكەمی پێشینەی سندوقی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و قیستەكانی دیكەیان وەرنەگرتووە، لە قیستی یەكەم دەبەخشرێن و لەكاتی ئاساییبوونەوەی بارودۆخی دارایی قیستەكانی دیكەشیان پێ دەدرێت و بە هەمان شێوە لە دانەوەی پێشینەكانیش دەبەخشرێن.

لە نوسراوەكەدا ئەوەش هاتووە ئەو توێژانە كە داواكاری پێشینەی خانوبەرەیان پێشكەشكردوە و رەزامەندییان لەسەر دراوە دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخی دارایی هەرێم پێشینەكانیان بۆ خەرجدەكرێت و بە هەمان شێوە لە دانەوەی پێشینەكان دەبەخشرێن.

بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی بڕیارەكە لە ئەمڕۆ هەینی 11ی نیسانی ٢٠١٩وە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

س.هـ