نێچیرڤان بارزانی: قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفال كاری سەرەكی حكومەتی عێراقە

کوردستان

12/04/2019‌ 1331 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، قەرەبووكردنەوەو سارێژكردنی برینی كەسوكاری ئەنفالكراوانی كوردستان دەبێت كاری سەرەكی حكومەتی عێراق بێت.


لەپەیامێكی ڤیدیۆیدا بەبۆنەی یادی كارەساتی شاڵاوی ئەنفال نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" سیاسەتی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بەرامبەر میللەتەكەمان جگە لەوێرانكاری و تۆقاندن و سەپاندنی دەسەڵاتی دێوزمەی دەوڵەتی عێراق ژیانی زیاتر لە 180 هەزار كەسی بە چەكی قورس و گازی كوشندەو كیمیابارانی كوردستان بە كۆتا هێنا".


ئاماژەی بەوەشكردوە، وەك میللەتێك دەبێت بە ئەركی خۆمانی بزانین كە نەك تەنیا یادی قوربانیانی ئەنفال بكرێتەوە، بەڵكو هاوكاری تەواوی كەسوكاریان و ئاوەندانكردنەوەی ناوچەكانیان و باشكردنی هەلومەرجی ژیانیشیان لە ئەستۆی ئێمەدایە.


سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەپەیامەكەیدا باسی لەوەشكردوە، سەرباری هەموو ئاڵۆزی و سەختییەكی وڵات سارێژكردنی بیرنی ئەنفال و قەربووكردنەوەیان دەبێت كاری سەرەكی حكومەتی عێراق بێت، كە بەوتەی خۆی ئەمە بەرپرسیاریەتیەكی ئەخلاقی و مێژووییە.


رژێمی بەعس لەسەرەتاكانی ساڵی 1988 شاڵاوی ئەنفالی لە دژی كورد دەستپێكردو بە شەش قۆناغ زیاتر لە 182 هەزار كوردی لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان گواستەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئەنفالی كردن.
س.هـ