گۆڕێكی بەكۆمەڵی ئێزیدیەكان لە گوندی كۆجۆ دۆزرایەوە

کوردستان

12/04/2019‌ 1083 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
 دووەم گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدەكان لە گوندی كۆجۆی سەر بە قەزای شنگال دۆزرایەوەو دەستكرا بە هەڵدانەوەی.

زەید عەلی عەباس بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بە بەشداری بەڕێوبەرایەتی پارێزگاری و كاروباری گۆڕە بە كۆمەڵەكان، وەزارەتی كاروباری شەهید و ئەنفالكراوان، ژووری پرۆسەكانی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران، تیمی لێكۆڵەری نێودەوڵەتی و لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری بێسەروشوێنان، گۆڕە بە كۆمەڵەكە هەڵدراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژی شەممە چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری بێسەروشوێنبووەكانی شنگال دەكرێت، بۆ ئەوەی هەنگاو و رێككارە یاساییەكانی ناسینەوەی قوربانییەكانیان بۆ روون بكرێتەوە و وەڵامی پرسیارەكانیان بدرێتەوە.

عەباس بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشكی دادوەری رونیشیكردەوە، لەم هەلومەرجەدا چوار بۆ شەش گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە و پرۆسەكە 20 تا 25 رۆژی پێویستە.
س.هـ