ژنێك لەبەرزی.. ئـالا سـاڵـح رەمـزی شـۆڕشـی سـوودان كـێـیـە؟

جیهان

13/04/2019‌ 1813 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: فەرمان سادق
هاوكاتی دوورخستنەوەو شكستی عومەر بەشیر سەرۆكی سوودان لەپۆستەكەی و پیلانی مانەوەو چەوساندنەوەی زیاتری گەلانی سوودان، وێنەی ژنێك دەردەكەوێت و بە خێرایی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەو سنووری سوودان و وڵاتانی عەرەبی و دونیایشی بڕی، ئێستا ئەو وێنەیە لە كوردستانیش بڵاوە.

ئالا ساڵح، ئەو كچە قوتابیە تەمەن ٢٢ ساڵەیە، كە دڵنیام رۆژێ پەیكەرێكی وەك رەمزی شۆڕشی ئاشتیخوازانەی گەلانی سوودان دژ بە دەسەڵاتی بەشیر بۆ دروست دەكرێت، تەنانەت هیچ دوور نیە بخرێتە مێژووی نوێی سوودان و نەوەی داهاتوو بیخوێنن.


خۆپێشاندانە ئاشتیخوازەكانی سوودان لە مانگی كانوونی یەكەم/ دێسێمبەری رابردوو، واتە چوار مانگ پێش ئێستا لە دژی دەسەڵاتی بەشیرو خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان و برسیەتی و بێكاری سەریان هەڵدا.

وەك حالەتێكی كۆپی پەیستی دیكتاتۆرەكان، ئەوان بۆ مانەوەی خۆیان دەیان رێگە دەگرنەبەر. 

بەلایانەوە گرنگ نیە ئەگەر براو هاوخەباتیان لە رۆژانی سەختیش بكەن بە قوربانی بەناوی ریفۆڕم و چاكسازی وەك موسەكینێك بۆ دامركاندنی ناڕەزایەتی خەڵك و خۆپێشاندەران!

بەڵام بەشیر ئەو هەنگاوەیشی بە پێچەوانەوە ئەنجامدا، ئەو هەرچی حاكمی مەدەنی ویلایەت و شارەكان هەیە كردنی بە جەنەڕاڵە عەسكەرییەكان، لەمەشدا ئامانجی یەكەمی تێكەڵكردنی سوپا بوو بە كێشە ناوخۆییەكان و ناچار كردنیان بە سەركوت كردنی خۆپیشاندانەكان بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات، ئامانجی باڵاش مانەوەی بەشیر بوو لە لووتكەی دەسەڵات، بەڵام پیلانەكانی شكستی هێنا.

بەشیر لە رێگەی سوپاو هێزە ئەمنیەكان بەردەوام گوشارو هەڕەشەی لە خۆپێشاندەران دەكرد، بەڵام لە چوار مانگی رابردوو خۆپیشاندەران موكڕ تر بوون لەسەر خواست و داواكارییەكانیان.

ئالا، لە یەك لەو رۆژانەدا بە كراسێكی سپی درێژ كە گوارەیەكی زێڕی پانی لە گوێ كردووە وەك لە وێنەكەدا دیارە لەسەر سەقفی سەیارەیەك، گوتاری جۆشدان و هاندان بۆ خۆپیشاندەران دەدات و پەنجەیەكیشی كە زیاتر پەنجەی ئاڵنگارییە بۆ دەسەڵاتی بەشیر درێژ دەكات و خەڵكێكی زۆریش هەم گوێی لێ دەگرن و هەمیش بە مۆبایلەكانیان ئەو ساتە مێژووییە تۆمار دەكەن!

خۆ ئەگەر كامێرای ئەوانە نەبووایە ئەوا مرۆڤایەتی نەیدەتوانی ئەو ساتە مێژووییە تۆمار بكات و ئالائیش وەك ئێستا نەدەناسرا !

هەر دوای بڵاوبوونەوەی وێنەو ڤیدیۆی وتارەكەی ئالا، شارەزایان لە هەموو بوارەكاندا، هەر لە سیاسییەكان بگرە تا دەگات بە سۆسیۆلۆجییەكان شیكردنەوەی جیاوازییان بۆی كردووە، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەو كچە ٢٢ بەهارییە دەبێتە رەمزی شۆڕش، وەك بووە رەمزی شۆڕشیش!

ئێستا قسەیەكی زۆر لەسەر فیستانە سپییەكەی ئالا دەكرێت. ئەو فیستانە وەك فیستانی بوكێنی سپییە كە نیشانەیە بۆ ژن بوون، كە لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە هەموو جیاوازییەكانیان شوو كردنی كچ هەم بۆ خۆی و هەمیش بۆ خانەوادەكەی شەڕەفێكی گەورەیەو هێز دەبەخشێت بە بووكەكەش!

فیستانە سپییەكە جلێكی بڵاو نیە لە سوودان، بەڵام دیوێكی مێژوویی هەیە كە دایكانی ئەو نەوەیەی ئێستای وڵات پێشتر ئەوانیش فیستانی سپییان لەبەر كردووە لە خۆپیشاندانەكانیان دژ بە رژێمە دیكتاتۆرە عەسكەرتاریەتییەكانی پێشتر!

لە پاڵ ئەو دوو وەسفە بۆ فیستانە سپییەكەی ئالا، ئەوا ئالا و قوتابیە كچەكانی زانكۆی ئەحفاد لە یەكێك لە خۆپیشاندانەكانی مانگی ئادار/ مارسی رابردوو، لەبەریان كرد بوو، تەنانەت هاشتاگێكی پشتگیریشیان بۆ خۆپیشاندانی وڵات راگەیاند.

لەو كاتەوە بەو كچانەی كە فیستانی سپی دەپۆشن، پێیان دەڵێن كنداكات، وەك ئاماژەیەك بۆ شازادەكانی سەردەمانی زوو، بەو مانایەی ئێستا ئەوان سەركردایەتی خۆپیشاندانەكانی وڵات دەكەن!

ئالا، ئەوەی ئەنجامدا هەروا بە ئاسانی بەسەریدا تێ نەپەڕیوە، ئەو كە دایكی دیزاینەری جلوبەرگە لەلایەن دەسەڵاتی بەشیر هەڕەشەی كوشتنی لێكرا.

بەڵام ئەو نەهاتە سەر شاشەكانی میدیای بەشیرو بكڕوزێتەوەو داوای شەفاعەت بكات، بەڵكو گرتە ڤیدیۆییەكی بڵاوكرەوەو لەزێدا وەڵامی بەشیرو هەڕەشەكانی وەها دایەوەو وتی كەس ناتوانێت دەمكوتم بكات و بەردەوام دەبم! هەرچیشم بەسەر بێت بەشیر بەرپرسە.

بەكارهێنانی رەنگی سپی لە دیوە مێژووییەكەیدا دەلالاتی تری هەیە، بۆ نمونە لە ئەمەریكا وەك نیشانەی مافی دەنگدان دێت بە ژنان كە ئەمەش مێژووێكی درێژی هەیەو ساڵانە ژنانی ئەندامانی كۆنگرێس لەو رۆژەدا دووبارە دەیپۆشن، ژنانی بەریتانیاش بەهەمان شێوە ئەوەیان كردووە تا مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە!