عێراق بەملیارێك دۆلار پرۆسەی دادگاییكردنی داعشە بیانییەكان بەرێوەدەبات

عیراق

13/04/2019‌ 1202 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی حكومی ڕایگەیاند، عێراق پێشنیاری ئەوەی بۆ دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە، كە لەبەرانبەر ملیارێك دۆلاردا دادگاییكردنی توندڕەووە‌ بیانییەكانی ناو ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش بگرێتە ئەستۆ‌.

ئاژانسی فرانس پرێس لەسەر زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویكردەوە، كە بەغدا ئەو بژاردەی خستووەتەڕوو بۆ دادگاییكردنی بیانییە دەستگیركراوەكانی بندەستی كوردەكانی سوریا، ئەمەش‌ لەبەرانبەر بڕێك پارەدا، كە دەگاتە ملیارێك دۆلار.

ئەگەر ئەو پێشنیارە ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، ئەوا بە دادگاییكردنی ئەو توندڕەووانە ، بەغدا مافی ئەوەی دەبێت پارەی زیاتر داوا بكات بۆ دەستگیركردنی ئەو تیرۆرستانە لەبەندیخانەكانیدا.

گەڕانەوەی توندڕەووە بیانییەكان كە ئێستا لە بندەستی كوردەكانی سوریادان بۆ ووڵاتەكانیان پرسێكی ئێجگار هەستیارە بۆ ڕای گشتی  ئەو دەوڵەتانەی بۆی دەگەڕێنەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، فەڕەنسا تا ئێستا دەستی نەكردووە بە داڕشتنی پلانێكی تێر و تەسەل بۆ گێرانەوەی توندڕەووە فەڕەنسییەكان و خێزانەكانیان كە چوونە سوریا، تەنها باس لەوە كراوە لەو پێناوەدا كار بكرێت.  

لە ئێستادا عێراق خەریكی خۆئامادە كردنە بۆ دادگاییكردنی نزیكەی 12 توندڕەووی فەڕەنسی كە لە سوریاوە گوازراونەوە عێراق.

بەرپرسێكی دیكە بۆ ئاژانسەكە گووتی‌ پرسی دادگاییكردنی ئەو توندڕەووە بیانییانە‌ لە لایەن عێراقەوە یەكلایی بۆتەوە كە لەسەر خاكی خۆی دادگاییان بكات و ژمارەشیان بە 1000 كەس مەزەندە دەكرێت - هەروەك كوردەكان دەڵێن – ئەمەش كتومت وەك ئەوە وایە كە لە دادگاییكردنی توندڕە‌ووەكانی گوانتانامۆدا پەیڕەوكرا.

بەرپرسەكە ئاماژەی بەوەشدا ئەو دەوڵەتانەی هاونیشتمانی توندڕووەیان دەستگیركراون "گرفتیان هەیە و ئێمەش چارەسەرمان لایە، هەفتەی پێشوو ئەو پێشنیارەمان خستەڕوو، تا ئێستاش هیچ ووڵامێكمان دەست نەكەوتووە".

بەرپرسێكی سێیەمیش بۆ فڕانس پرێس ڕایگەیاندووە كە ئەو توندڕەووانە لە 25 دەوڵەتەوە هاتوون، بۆیە ئاسان بوو لە بری دەوڵەتەكانیان ئەو پرسە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاوتوێ بكرێت.

كوردەكانی سوریا پێشتر داوای پێكهێنانی دادگایەكی نێودەوڵەتی تایبەتییان كردبوو  بۆ دادگاییكردنی ئەو توندڕەووە دەستگیركراوانەی لەژێر دەستیاندان، نەتەوە یەكگرتووەكانیش خەریكی كردنەوەی دۆسییەی لێكۆڵینەوەیە بۆ ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون بەو پێیەی بە كوشتنی بە كۆمەڵ لە قەڵەم دەدرێن كە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی گشتی لە مەترسیدارترین تاوانەكانن.

سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر