گەڕێكی نوێی گفتوگۆی لایەنەكان بەرێوەدەچێت
گۆڕان رازی نییەو یەكێتی سوورە لەسەر زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم

کوردستان

13/04/2019‌ 6304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سارپرێس:
بەمەبەستی رازیكردنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكلاییكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڕیارە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی پارتییەوە دەست شارپرێس كەوتووە، شاندەكەی پارتی رۆژی شەممە، یان یەك شەممە بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی دەكات‌و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی كۆبوونەوە دەكەن.

سەردانی ئەو شاندە لەكاتێكدایە، سەرچاوەیەكی ناو بزووتنەوەی گۆڕان بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، كە ئەوان تائێستاش ناڕازین بەزیادكردنی پۆستێك بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم، هاوكات سەرچاوەیەكی یەكێتی جەختیكردەوە، ئەوان بەمەرجی وەرگرتنی ئەو پۆستە رێككەوتن لەگەڵ پارتی واژوو دەكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكەی پارتی بۆ شارپرێس، كۆبوونەوەكەی شاندی پارتەكەی بۆ تاوتوێكردنی دواین هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت بەتایبەت پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، كە ئێستا بەهۆی دانانی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم ئەو هەنگاوانە بەربەستیان بۆ دروست بووە سەردانی سلێمانی دەكات.

دوای ئەوەی پارتی جێگری دووەمی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیادكرد بۆ رازیكردنی یەكێتی دواتر نیگەرانی بزووتنەوەی گۆڕانی لێكەوتەوەو بڕیارە شاندەكەی پارتی لەكۆبوونەوە ئەو پرسە لەگەڵ گۆڕان یەكلابكاتەوە.

هـ ـ ح