كورد تێبینی لەسەر پرۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق هەیە

عیراق

13/04/2019‌ 829 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند پڕۆژەیاسایەك دەكات‌و پەرلەمانتارانی كوردیش تێبینی زۆریان لەسەر پرۆژەیاسایەك هەیە و ئەگەر یەكدەنگ بن، ناتوانرێت یاساكە بە بێ كورد تێپەڕێندرێت.

رێبوار هادی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران چەند خاڵێكی لە خۆ گرتووە، لەهەمووشی گرنگتر بۆ ئێمە پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵییە و بابەتێكی هەستیارە و زۆریش گرنگە بۆ كورد، كە دەبوو لە ساڵی 2005 بۆ 2006 دەرچووبایە، بەڵام هۆكاری دەرنەچوونی تا ئێستا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە دەستووری عێراق لە ماددەی 91 و 92 و 93 و 94 باس لەوە كراوە بە دوو لەسەر سێی دەنگەكانی پەرلەمانتاران دێتە تێپەڕاندن، كەواتە بێ كورد  ئاسان نییە ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێنرێت و دەبێ تەوافووقی لەسەر بكرێت."

هادی، تێبینییەكانی كوردی ڕوون كردەوە و بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "وەك كورد تێبینیی زۆرمان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمە و دواتر گفتوگۆ لەسەر تێبینییەكان دەكەین لە نێوان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمدا، تێبینییەكانی ئێمەش تەكنیكی و سیاسین، ئەوەی لەرووی سیاسییەوە بۆ ئێمە گرینگە، شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی دادگایە، كە كێ دیارییان دەكات، هەروەها كێ بڕیار دەدات بۆ ئەوەی كەسێك ببێتە ئەندامی دادگای باڵای فیدڕاڵی، جگە لەوەش پێویستە بزانین ئالیەتی دەنگدان لەو دادگایە بە چ شێوەیەك دەبێت و چۆن بڕیارەكان یەكلا دەبنەوە، كە ئایا بە دوو لەسەر سێ یان زیاتر یاخود بە زۆرینەی سازان دەبێت".

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەشی دا، ئەو پێشنیازانەی ئێمەی كورد دەبێت جێبەجێبكرێن، چونكە ئەگەر جێبەجێ نەكرێن، یاساكە تێناپەڕێندرێت كە بە دەنگی دوو لەسەر سێ دەبێت، بۆیە ئەگەر كورد یەكدەنگ بێت، دەتوانێت یاساكە ڕابگرێت.

هـ ـ ح

بەپەلە