نێچیرڤان بارزانی پێشنیازەكەی گۆڕان دەگەیەنێتە یەكێتی
هەوڵی چارەسەری كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم دەدات

کوردستان

13/04/2019‌ 13203 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكرات، بەسەرۆكایەتی شاندێكی حیزبەكەی سەردانی سلێمانی دەكات‌و ئامانج لەسەردانەكەشی، چارەسەری ئەو كێشەیە لەسەر زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی دروست بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، بەم نزیكانە نێچیرڤان بارزانی‌و شاندەكەی پارتی سەردانی سلێمانی دەكەن‌و لەگەڵ شاندی گۆڕان‌و یەكێتی كۆدەبنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، نێچیرڤان بارزانی لەكۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی پێشنیازێكی گۆڕان دەخاتە بەردەم ئەو حیزبە، كە بۆ پرسی چارەسەری كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێم خستبوویە بەردەم پارتی.

گۆڕان لەماوەی هەفتەی رابردوو لەمیانی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكانی لەگەڵ پارتی پێشنیازی ئەوەی كردبوو، كە ئامادەن بەتەواوی دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بن، كە بۆ ئەوان دیاریكراوە، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەیان دەوێت، كە ئەوەیان بۆ یەكێتی دیاریكراوە.

ماوەی رابردوو پارتی‌و یەكێتی گەیشتنە رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەرێككەوتنەكە باس لەوە كراوە، كە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم دەدرێت بەیەكێتی، گۆڕان ناڕەزایی دەربڕی‌و ئەوەش كێشەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دروست كرد.

پارتی‌و گۆڕان پێشتر رێككەوتبوون، كە سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت‌و ئەو پۆستەش بۆ كاندیدی گۆڕان دەبێت، كە ئێستا بەهۆی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم كێشەش بۆ ئەو رێككەوتنە دروست بووە.

هـ ـ ح

بەپ