پارتى پێشنیارى کۆبوونەوەى سێ قۆڵى بۆ یەکێتى و گۆڕان دەکات

کوردستان

13/04/2019‌ 1505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەت هەوڵدەدات کۆبوونەوەیەکى سێ قۆڵى لەنێوان پارتى و یەکێتى و گۆڕاندا بکرێت.

 

نزیکەى ٢٠٠ رۆژە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام دراوەو تاکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێکەوتن بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم، هۆکارى یەکەمى دواکەوتنى ئەو کابینەیەش پەیوەندى بە پلەو پۆستەکانى حکومەتەوە هەیە کە هەر لایەنەو هەوڵ دەدات زۆرترین پشکى هەبێت.

 

لەئێستا ناکۆکى لەسەر پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم هەیە کە یەکێتى دەیەوێت جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم بۆ کاروبارى سەربازى زیاد بکرێت بۆ ئەوەش لایەنى براوەى هەڵبژاردن کە پارتییە بەو داواکاریەکى یەکێتى رازى بووە، بەڵام لەبەرامبەردا بزوتنەوەى گۆڕان لەدانانى ئەو جێگرە ناڕازییە بەو پێیەى جێگرى سەرۆکى هەرێم بەخۆیان کەوتووە، بەڵام یەکێتى هەر سورە لەسەر وەرگرتنى ئەو پۆستە.

 

ئەندامێکى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان کە لەبەر هەستیارى گفتوگۆکان پێى باش نەبوو ناوى بهێنرێت بەشارپرێسى راگەیاند"ئێستا گۆڕان و یەکێتى ناکۆکن لەسەر زیادکردنى پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم پارتیش وەک لایەنى براوە دەبێت ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە، چونکە ناکرێت لەوە زیاتر لەبەر خاترى لایەنێک یان پۆستێک حکومەت لەوە زیاتر دوا بکەوێت".

 

ئاماژەى بەوەشکرد، پارتى لەو بەینەدا نازانێ چۆن چارەسەرى کشەى ئەو دوولایەنە بکات، بۆیە ئاشکراى دەکات بڕیارە پارتى لەکۆبوونەوەى داهاتوویدا پێشنیارى کۆبوونەوەى سێ قۆڵى لەگەڵ گۆڕان و یەکێتى دەکات ئەگەر نەگەیشتنە رێکەوتن.

 

ئەندامەکەى سەرکردایەتى پارتى باس لەوەش دەکات، یەکێتى رەزامەندى دەربڕیوە بە کۆبوونەوەى سێ قۆڵى تەنیا گۆڕان ماوە راى وەربگیرێت بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، بەڵام بەوتەى خۆى کۆبوونەوەى داهاتووى حزبەکەى لەگەڵ پارتى و یەکێتى یەکلاییکەرەوە دەبێت.

 

بڕیار بوو هەفتەى رابردوو کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستان بۆ پەسندکردنى هەموارى یاسای سەرۆکایەتى هەرێم کۆبێتەوە،بەڵام بەهۆى ناڕازیبوونى گۆڕان لەسەر زیادکردنى جێگرێک بۆ سەرۆکى هەرێم و جێگیرکردنى لە پڕۆژە یاساکەدا کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ کاتێکى تر دواخرا.

س.هـ