گومان دەکرێت لە هەولێر بێت
چەند سەرچاوەیەک: عزەت دوری لەنێوان هەرێم و وڵاتێکی کەنداو دا هاتووچۆ دەکات

عیراق

13/04/2019‌ 9906 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جارێکی تر عزەت دووری سەرکردەی رژێمی پێشووی عیراق دەرکەوتەوەو بەپێی سەرچاوە دزەپێکراوەکانیش ناوبراو لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتێکی کەنداودا هاتوچۆ دەکات.

ئەمڕۆ شەممە گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی عزەت دووری سەرکردەی پێشووی حزبی بەعسی عێراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوكرایەوەو تیایدا رایده‌گه‌یه‌نێت، "داگیركردنی كوه‌یت هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌خلاقی بوو، هیچ كاتێكیش كوه‌یت به‌شێك نه‌بووه‌ له‌ عێراق، به‌ڵكو عێراق و كوه‌یت دوو وڵاتی نیشتمانی عه‌ره‌بی بوون".

بەپێی لێکۆڵینەوەی هەندێ لە سەرچاوەکان دەرکەوتنی عزەت دووری لەم کاتەدا پەیوەندی بەو فشارو داواکاریانەوە هەیە کە لەناوخۆی لایەنە شیعەکانی عێراق هەیە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

ئەو سەرچاوانە پێیانوایە کە ئەمریکا دەرکەوتنی عزەت دووری وەک کارتێک لەدژی ئێران بەکاردەهێنێت،بەڵام تائێستا روون نییە کە ئایا ئەمریکا جدیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەعسیەکانی عێراق یان تەنیا کارتێکەو لەدژی ئێران و ئەو فشارە ناوخۆیەکانی عێراق بەکاری دەهێنێت.

دەرکەوتنی عزەت دووری لەکاتێکدایە کە ماوەی چەند رۆژێک شاندێکی بەعسییەکانی عێراق لە ئەمریکان، بەڵام تائێستا ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوانە دیار نییەکە ئەو شاندە لەگەڵ ئەمریکا چیان باسکردوە.

هەروەها ئەو سەرچاوانە ئاشکراشی دەکەن، گومان دەکرێت عزەت دووری لە هەولێر بێت و لەنێوان هەرێمی کوردستان وڵاتێکی کەنداو هاتوچۆ دەکات، هاوکات لەدوای روخانی رژێمی بەعس چەند جارێک سەردانی پارێزگاکانی دیالەو سەلاحەدینی کردوە.

بەوتەی سەرچاوەکان ئەو جوڵانەی عزەت دووری بە هاوکاری دواین هاوسەرەکەیەتی کە خەڵکی شاری کەرکوکەو بەر لە روخانی رژێم هێناویەتی.

عزه‌ت دوری، له‌ ساڵی ١٩٤٢ لەدایک بووەو لە حزبی بەعسدا جێگری سەدام حسێن بووەو دوای رووخانی رژێمی بەعس و لەسێدارەدانی سەدام بووە بە سەرۆکی گشتی حزبی بەعس.

له‌ دوای روخانی رژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا عزەت دووری خۆی شاردووەتەوەو تائێستا بەدیاریکراوی شوێنەکەی نازانرێت، یەکێکە لەو کەسانەی کە پارەیەکی زۆر وەک دیاری تەرخانکراوە بۆ ئەو کەسەی شوێنەکەی ئاشکرا دەکات.
س.هـ