پەرلەمانی عێراق یاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئێزدییەکان دەردەکات

عیراق

13/04/2019‌ 935 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی دابەینکردنی موچەیەک بۆ کەسوکاری ئەو ئێزیدیانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە گیانیان لەدەستداوە یاسایەک دەردەکات.


بەپێی زانیارییەکانی شارپرێس لە پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسایەکی نوێ ئامادە کراوە و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی شەڕ داعش.

بەپێی پرۆژە یاساکە کە تایبەت دەبێت بۆ ئێزیدیەکان هەموو ئەو ئێزیدیانەی لەشەڕی دژی داعش کوژراون و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە موچەی شەهیدان دەدرێت بە کەسوکارەکانیان و هەمان ماف و ئیمتیازاتی شەهیدانی تریان دەبێت.

هەر بەپێی پڕۆژەکە هەموو ئەوانەی لای داعش زیندانی بوون و رفێنراون دواتر رزگاریان بووەو مامەڵەی زیندانی سیاسیان لەگەڵ دەکرێت و بەهەمان شێوە مووچەیان بۆ دەبڕێتەوە.

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لەو جۆرە هەیە بۆ ئێزیدیەکان، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێم کاری پێنەکردوە.

ساڵی ٢٠١٤ کاتێک رێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر شنگال زیاتر لە شەش هەزار ژن و کچ و منداڵ و پیاوی رفاندو دواتر بەشێکیان کوژران و زیندە بەچاڵکران و بەشەکەی تریشیان گواسترانەوە بۆ سوریا.

لەئێستا لەو ژمارەیە زیاتر لە سێ هەزار کەسیان ئازادکراون و گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان، هاوکات لەماوەی رابردووشدا دوو گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزیدەکان لە سنوری قەزای شنگال دۆزراونەتەوە.
س.هـ