وردەكاری پڕۆژەیەكی ئەمریكی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر توركیا

جیهان

14/04/2019‌ 1624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامانی هەردوو پارتی كۆماری‌و دیموكراتەكان سیناتۆر ڕۆجەر ویكەرو بن كاردن، پڕۆژە یاسایەكیان پێشكەش كردووە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسە توركەكانی تێوەگلاو لەدەستگیركردنی كەسانی ئەمریكی و فەرمانبەرانی ئەمریكی، كە‌ لەكونسوڵخانەی ئەمریكا لەتوركیا كاردەكەن.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكی خەریكی تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسایەكە، كە داوا لەدۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا دەكات توركیا هان بدات بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ.

دەستگیركردنی كەسانی ئەمریكی و فەرمانبەرانی  كونسوڵگەری ئەمریكا لەتوركیا  بووە هۆی ئەوەی واشنتۆن لەئۆكتۆبەری 2017 وە داواكاری پێدانی ڤیزا  بۆ سەردانی توركیا هەڵپەسێرێت، توركیاش بەهەمان ڕێوشوین وڵامی واشنتۆنی دایەوە. 

یاساكە سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسە توركەكاندا لەخۆدەگرێت، كە لەپرسی دەستگیركردنی  فەرمانبەرانی كونسوڵخانەی ئەمریكی لەتوركیاو كەسانی ئەمریكاوە گلاون، سزاكان گەشتكردنی ئەو بەرپرسە توركانە قەدەغه ‌دەكات بۆ ئەمریكا و پارە و پول‌و سامانە داراییەكانیشیان سڕدەكات لەو وڵاتە.

لەدەرئەنجامی هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكەی ساڵی 2016 و بەپاساوی تێوەگلانیان لەگەڵ جوڵانەوەی خزمەتگوزاری، كە فەتحوڵا گوڵەن سەركردایەتی دەكات و ئەنقەرەش تۆمەتباری كردووە بەتێوەگلان لەو ڕووداوەدا، توركیا ئەو كەسە ئەمریكییانەی دەستگیركردوون.

جێی باسە قەشە ئەندرۆ بڕنسۆن لەنێوان ئەو دەستگیركراوانەدا بوو، كە لەئۆكتۆبەری ڕابردوو ئازاد كرا.

تۆم تیلیسی سیناتۆری كۆماری، كە یەكێكە لەو 6 ئەندامەی كۆنگرێس، كە پڕۆژەكەیان ئامادە كردووە وتی: "بەئازادكردنی قەشە بڕۆنسۆن لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو، توركیا هاتەسەر ڕێگە ڕاستەكە، هێشتاش دەبێت هەنگاوی دیكە بنێت و وەك هاوپەیمانێكی ناتۆش ڕەفتار بكات و نیازپاكی زیاتر نیشان بدات".

لیستی دەستگیركراوان "سیركان غۆلج"ی تێدایە، كە  كەسێكی توركی بەڕەگەز ئەمریكییە و بەوە تۆمەتباركرا، كە ئەندامی ڕێكخراوێكی تیرۆرستییە و بۆ ماوەی 7 ساڵ و 6 مانگیش حوكمدراوە.

هەروەها3  هاووڵاتی دیكەی توركیش دەستگیركراون، كە لەكونسوڵخانەكانی ئەمریكا كاریان كردووە، مانگی ڕابردووش دادگایەكی توركی بڕیاری بەردەوامبوونی ڕاگیرانی "مەتین توبوز"یدا، كە فەرمانبەرێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا بووە و وەك وەرگێڕ كاری كردووە. 

سەرچاوە: PONT POST
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر