توركیا چەكدارانی بەرەی نوسرە بۆ لیبیا دەگوازێتەوە

جیهان

14/04/2019‌ 1806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیوا ئەحمەد مسماری قسەكەر بەناوی سوپای نیشتمانی لیبیا رایگەیاند، جەنگاوەرانی نوسرەی پێشوو لەڕێگەی گەشتی فڕۆكەوە لەتوركیاوە دەگوازرێنەوە بۆ لیبیا.

بەگوێرەی كەناڵی ئاسمانی "سكای نیوز" مسماری راشیگەیاندووە، توركیا لە ڕێگەی ماڵتاوە و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ چەك بۆ میسڕاتە و تەڕابلوس دەنێرێت، میلیشیاكانی میسڕاتە هێرشی ئاسمانیان بۆسەر چەند ناوچەیەكی نزیك لەشاری غریان ئەنجامداوە، كە بوونەتە هۆی كوشتنی 3 كەس.

قسەكەرێكیش بەناوی سوپای نیشتمانییەوە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ هێزە ئاسمانییەكانمان 8  هێرشی بەهێزیان كردۆتەسەر میلیشیاكان.

میسماری ئاماژەی بەوەش‌ كردووە، میلیشیاكانی میسڕاتە هێرشی ئاسمانیان كردووەتەسەر شارێك لە نزیك غریان و لە ئاكامدا 3 كەس كوژراون.

لەلایەكی دیكەوە قسەكەرێك بە ناوی حكومەتی سازانی نیشتمانی لیبیا بە ناوی موهەنەد یونس وتی: حكومەت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر دژ بەتاوانەكانی جەنگ كە هێزەكانی خەلیفە حەفتەر لە شەڕەكەی تەڕابلوس ئەنجامیانداوە ، ووتیشی حكومەتی سازانی نیشتمانی پێشوازی لە ئاگربەست دەكات، بەڵام داواكارە هێزەكانی حەفتەر بكشێنەوە بۆ شوێنەكانی پێشووی خۆیان. 

قسەكەرەكە ئەوەشی وت: ڕازیبوونی  حكومەتی سازانی نیشتمانی بە ئاگربەست واتای ئەوە نییە دۆخەكە وەك ئەوە بمێنێتەوە كە ئێستا هەیە، بەڵكو‌ دەبێت هێزەكانی حەفترە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

یونس ئەوەشی وت: "هێزەكانی حەفتەر زۆر تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە وەك بۆردومانكردنی مەدەنییەكان و بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبیلی فریاكەوتنی تەندروستی‌و ستافە پزیشكییەكان"، هەروەها بۆردومانی قوتابخانە و فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان، بۆیە حكومەتی سازانی نیشتمانی ڕێوشوینی یاسایی دژ بەو كار و كردەوانە دەگرێتەبەر.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر