هاوتاکردنى موچەى واریسى شەهیدان لەگەڵ بەغدا لە قۆناغى کۆتایی دایە

کوردستان

14/04/2019‌ 724 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، شاندێکیان رەوانەى پارێزگاى موسەننا کردوە بۆ هەڵدانەوەى گۆڕێکى دۆزراوەى بە کۆمەڵ، دەشڵێت، هەولەکانیان بەردەوامە لەگەڵ حکومەتى عێراق بۆ هاوتاکردنى موچەى کەسوکارى ئەنفالکراوان.

 

مه‌حمود حاجی ساڵح، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حکومەتى هەرێم لەلێدوانێکى تایبەتدا بە شارپرێسى، رایگەیاند،كاره‌ساتی ئه‌نفال له‌بیره‌وه‌ری گه‌له‌كه‌مان ده‌مێنێته‌وه‌، لەرابردوودا زۆر کارى گرنگمان کردوە بۆ کەسوکارى ئەنفالکراوان و واریسى شەهیدان، بەڵام هێشتا دەبێت خزمەتى زیاتریان بکەین کە ئەوەش ئەرکى سەر شانمانە خزمەتى زیاتریان بکەین.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمرۆ شاندێکیان رەوانەى سه‌ماوه‌ کردوە بۆ ده‌رهێنان و هەڵدانەوەى گۆڕێکى بە کۆمەڵ کە لەم رۆژ١نەى پێشوو دۆزرایەوە.

 

لەبارەى ماف و ئیمیتیازاتەکانى کەسوکارى ئەنفالکراوان و دابینکردنى موچەکانیان وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراوان رونیکردەوە، لەگفتوگۆى بەردەوام دان لەگەڵ حکومەتى عێراق بۆ هاوتاكردنی مووچه‌ی وارسی شه‌هیدان کە وەک خۆى دەیلێت،لەسەر ئەو بابەتە له‌قۆناغی كۆتاییدان به‌م نزیكانه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌کەیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

 

هەروەها مەحمود حاجى ساڵح وتیشى" لەگەڵ حکومەتى ناوەندى عێراق هەماهەنگیان هەیەو هەر گۆڕێکی بە کۆمەڵ بدۆزرێتەوە وەزارەتەکەمان ئاگادار دەکەنەوە".

 

ئەمڕۆ ٣١ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شاڵاوى ئەنفال کە لەلایەن رژێمى پێشووى عێراقەوە بە هەشت قۆناغ لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستاندا ئەنجامیدا.

س.هـ