داوای رێككەوتنی پێشوەختەی كردووە
نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی لەیەكێتی‌و گۆڕان دەوێت

کوردستان

14/04/2019‌ 3227 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكرات، دڵنیایی لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی دەوێت‌و داوای رێككەوتنی پێشوەختەی كردووە.

بڕیاربوو لەماوەی چەند رۆژی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پارتی سەردانی سلێمانی بكات‌و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی كۆبوونەوە بكات، بەڵام تائێستا سەردانەكەی ئەنجامنەداوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، هۆكاری نەهاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە دەیەوێت جۆرێك دڵنیایی لەیەكێتی‌و گۆڕان وەربگرێت، بەوەی سەردانەكەی دەبێتە هۆی چارەسەری كێشەكان‌و رێككەوتن لەنێوانیان دروست دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، جێگری سەرۆكی پارتی لەرێگەی گفتوگۆ نافەرمییەكان داوای رێككەوتنی پێشوەختەی لەبەرپرسانی گۆڕان‌و یەكێتی كردووە، بەڵام لەو بارەوە تائێستا نەگەیشووە بەئەنجام، بۆیە سەردانەكەی بۆ سلێمانی دواخستووە.

ئەو كێشەیەی ئێستا لەسەر پێكهێنانی حكومەت دروست بووە، پرسی زیادكردنی جێگرێكە بۆ سەرۆكی هەرێم، كە كاندیدی ئەو پۆستە لەیەكێتی دەبێت‌و گۆڕانیش بەوە ناڕازییە، بۆیە پرۆسەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دواكەوتووە.

هـ ـ ح