دانانی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم لەنێوان پارتی‌و یەكێتی یەكلابووەتەوە

کوردستان

15/04/2019‌ 1485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بابەتی دانانی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم لەنێوان پارتی‌و یەكێتی یەكلابووەتەوە، ئەوەش بەقسەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی ئەوەی ئایا پارتی بەڵێنی داوە جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم بداتە یەكێتی دەڵێت: ئەو بابەتە لەنێوان پارتی و یەكێتی بڕاوەتەوە و كۆتایی پێهاتووە، لەیاساكەدا (پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم)دا هاتووە، كە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت جا لەماوەی پانزە ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كارو بەرپرسیارییەتی جێگرەكان دیاری دەكرێت، واتە نەیەكەمی تێدایە نە دووەمی تێدایە واتە لانی كەم ئەوەی یەكێتی جێگری دووەم نییە".

قسەكانی سەعدی پیرە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا بووەو دەشڵێت: مەنتق وادەڵێ، كە جێگرەكەی یەكێتی بەرپرسی ئەو بەشە دەبێت بۆی دیاریكراوە.

پیرە بەدوری زانی ڕێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی بەهۆی پێداگیری یەكێتییەوە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم هەڵوەشێتەوە‌و ئەوەش دەڵێت: ئەوە ئەگەرێكی زۆر لاوازە هەتا ئەگەر ئەو ئەگەرەش ڕویدا ئەوە كێشەی نێوان گۆڕان و پارتی خۆیانە دەبێت خۆیان لەگەڵ پارتی ڕێكبكەون".

هەروەها دەڵێت: گۆڕان دەیەوێت یا نا ئەوە مەسەلەی ئێمە نییە پێمان خۆشە گۆڕان ئەوە تێبگات كەیەكێتی نیشتمانی پێویستی بەو جێگری سەرۆكی هەرێمە هەیە، سەبارەت بەئەنجامدانی كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان و هۆكاری ڕەتكردنەوەی گۆڕان بۆ كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی دەدوێت.

هـ ـ ح