عێراق ڕووبەڕووی كاردانەوەی زیادبوونی ناكۆكییەكانی ئەمریكا‌و ئێران دەبێتەوە

عیراق

15/04/2019‌ 1118 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەقۆناغی ئێستادا عێراق ڕووبەڕووی كاردانەوەی هەڵكشانی توندی بارگرژی و ناكۆكییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دەبێتەوە، بە تایبەتیش لەژێر سایەی هەژموونی هەردوو ووڵات لەسەر خاكی عێراق لەو ساوەی ڕژێمەكەی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 وە گلاوه و هەرەسیهێناوە. 
 
بەدرێژایی 16 ساڵی ڕابردوو یەكتربڕینی ڕۆڵی هەر یەكێكیان (ئەمریكا و ئێران) تەنگژە نەبوو بۆ حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق، لەو قۆناغەدا هەموو لایەنەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش پەرۆشی ئەوەبوون كارتەكانی ئەو پەیوەندییانە تێكەڵ بەیەكدیكە نەكەن و لە دژیەكی و ڕووبەڕووبوونەوە دووركەونەوە. بەڵام وادیارە ئیدارەكەی سەرۆك تڕەمپ لە كۆششی ئەوەدایە ئەو ڕێسایە فەرامۆش بكات بەوەی ئاستی سزاكانی لە بەرامبەر ئێراندا بەرزكردنەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات كە ئێران هەژموونە هەرێمییەكەی خۆی لە ناوچەكەدا فراوانتر كرد كە ئاكامی خراپی هەبوون بۆسەر تەنگژە جۆراوجۆرەكانی هەرێمەكە و ڕێگریش بوو لە بەردەم یەكلاییكردنەوەیان، ئەمەش عێراق دەخاتە بەردەم تەڵەزگەیەكی سەختەوە، زۆر لە ئاراستەی بووچوونەكانیش وای بۆدەچن لەوانەیە عێراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ ململانێی نێوان هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریكی.

پێنوێنەكانی تەنگژەكە
لە سایەی چەند پێنوێنێكدا، ئەم ئەگەرە گرنگی زۆری دەبێت لەسەر تەنگژەی نێوان تاران و واشنتۆن كە لەو ماوەیەدا بەرەو هەڵكشان چووە و ڕاستەوخۆش كاردەكاتە سەر عێراق، لە دیارترینیان ڕاگەیاندنی تڕەمپ بوو لە 3 فبرایەری 2019 بە دووبارە بڵاوپێكردنی هێزەكانیان لە عێراق بە ئامانجی چاودێریكردنی ئێران، لەو بارەوە ترەمپ ووتی: ((بەردەوام دەبین لە چاودێریكردنی تاران، خۆئەگەر گرفت ڕوویدا یان یەكێك وویستی چەكی ئەتۆمی دروست بكات یان شتی دیكەی لەم جۆرە، ئێمە پێش ئەوەی ئەوان دروستی بكەن پێی دەزانین)).

ئەم هەنگاوە پاڵی بە ئێرانەوه ‌نا داوا لە هێزە سیاسییەكان و میلیشیا عێراقییەكان بكات بوونی سەربازی ئەمریكا لە عێراق كۆتایی پێبێنن، ئەمەش تەوەرێكی سەرەكی چاوپێكەوتنەكەی عەلی خامەنەئی موڕشیدی باڵای ئێران و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عیراق بوو لە 6 ی ئیپڕیلی ئەم مانگە، بەوەش واشنتۆنی تۆمەتبار كرد كە تەگەرە دەخاتە بەردەم دیكوكراسی لە عێراقدا.

بێگومان ئەو داواكارییە بووە هۆی پەرتبوونی پێكهاتە عێراقییە جۆراوجۆرەكان، لەم ماوەیەی دوایشدا دوو ئاراستەی سەرەكی دەركەوتن: 

یەكەم /  میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران كە هەوڵیاندا بە ئامرازی سیاسی  و لە ڕێگەی یاساكارییەوە بەهۆی فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان ، بەربەست بخەنە بەردەم بوونی سەربازی ئەمریكا لە عێراق، لە ڕووی سەربازیشەوە هەڕەشەی پیكدادانی سەربازیان كرد ئەگەر ئەمریكا دۆخە لەگەڵ ئێران بەرەو هەڵكشان بەرێت.

دووەم / هەندێك هێزی دیكە بوونی ئەو هێزانەی ئەمریكایان بە گرنگزانی بە لەبەرچاوگرتنی گریمانەی گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچانەی پێشتر لەبن دەستیدا بوون.

زۆرینەی ئاماژەكانی پێش سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ ئێران ئەوە ڕووندەكەنەوە عێراق وەك ئەوەی ئێران دەیەوێت و سازاوە‌ لەگەڵ بەرژەوەندی و دیدگای بۆ تەگبیرسازییە سیاسی و ئەمنییەكانی لە عێراقدا، بەغدا ناتوانێت ئەو داواكارییە جێبەجێ بكات، بە تایبەتیش لەژێر سایەی پرۆگرامی هاریكاری ئەمنی ئەمریكی – عێراقی كە چەندەها ساڵە بەردەوامە، ئەمەش واتای ئەوەیە جیاوازی هەڵوێستی هاوپەیمانەكانی ئێران لە نێو عێراقدا، لەوانەیە ڕەنگدانەوەی بەسەر پڕۆسەی سیاسی ئێستای عێراقەوە هەبێت لە ئەگەری بەردەوامی  تەنگژەكەدا، بە تایبەتیش كە هێشتا حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بە تەواوی پێكنەهاتووە، چەند پۆستێك ناكۆكیان لەسەرە و بە تایبەتیش پۆستی وەزیری بەرگری.

ئارمرازە شیمانەدارەكان (محتمل) 
ئەو پێدراوانە هەر یەك لە بواری خۆیدا بژاردەی دژوار بەسەر عیراقدا دەسەپێنن، ڕوون و ئاشكرایە كە سازان لە بارەی میكانیزمێكی گونجاو لە ئارادا نییە كە بتوانێت لێكەوتەكانی ئەو تەنگژە هەڵكشاوەی نێوان واشنتۆن و تاران لە شوێنێكدا قەتیس بكات، لەم ڕووەوە چەند میكانیزمێك هەن دەكرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیزبەندییان بكەین: 

1-نێوانگیری: ڕۆڵێكی باوە و عێراق لە ساڵی 2003 وە كاری پێ دەكات‌، بەڵام هەر پەیوەست بووە بە دۆسیییەكانی ناوخۆەوە نەوەك دۆسییە هەرێمییەكانی ئێستای ناوچەكە، ئەم میكانیزمە ئاستەنگی زۆری لەبەردەمن ، بۆیە شیمانەی ئەوە ناكرێت لە ئایندەدا عێراق پەنای بۆ بەرێت. 

2-دەورەدانێكی قۆناغی: بەخۆپاراستن لە دروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ هەردوولادا، هاوشانیش مامەڵەیەك واژۆ بكرێت كە سازاو بێت لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەمریكا بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئاكامەكانی ئەم تەنگژەیەی ئێستا، بەشێوەیەك عێراق بەدەر بكرێت لە سزا ئەمریكییە سەپێنراوەكانی سەر ئێران ، لە بەرامبەریشدا ئێران چی دیكە داوای وەدەرنانی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا نەكات لە عێراقدا.

دیارە كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی لە ڕێگەی هەردوو سەردانەكەیەوە لە 6 و 28 ی مارس بۆ واشنتۆن و تاران،  وویستی ئەو ئامرازە پیادە بكات، بیرجەمیش بوو (ركز) لەسەر گرنگی پشتبەستن بە پەیوەندییەكان لەگەڵ هەردوولادا، بەڵام بەرفراوانبوونی جوغزی ناكۆكییەكان نێوان تاران و واشنتۆن لەوانەیە ڕێگربێت لە گرتنبەری هەنگاوی ڕێوشوێنكاری (ئیجرائی) بۆ پراكتیزەكردنی ئەم میكانیزمە لەسەر ئەرزی واقع.

3-هاوسەنگی: جێی سەرنجە كە عێراق لەم ماوەیەی دوایدا لە هەوڵی ئەوەدابوو پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ زۆرێك لە هێزە هەرێمی و دەوڵەتە پەیوەندیدارەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنیات بنێت وەك پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیا ، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ بیرجەمبوون (تركیز) لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵەكانی بە گوێرەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی، محەمەد حەكیمی وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە دوای گرتنەدەستی پۆستەكەی له حكومەتەكەی عەبدولمەهدیدا و لە یەكەم سەردانیدا بۆ دەرەوە دووپاتی پیادەكردنی ئەو‌ ئامرازەی كردەوە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئەم ئاراستەیە لە ئایندەدا تەنگژەیەك لەگەڵ ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ عێراق دروست بكات ، بەهۆی وویستی ڕوسیا كە ئامانجی برەودانە بەو لێكنزیكبوونەوەیە كە لەوانەیە ببێتە هۆی واژۆكردنی مامەڵەیەكی پڕچەككردن لە نێوان  هەردوولادا.

سنوری كاریگەری 
لەگەڵ ئەمەشدا، لەوانەیە پشتبەستنی عێراق لە پەنابردنەبەر ئەو ئامرازانە لە جەنگەی هەڵكشانی بەردەوامی بارگرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاراندا زۆر بەردەوام نەبێت، ئەمەش لەسایەی ئەو گۆراوانەی كە بە بەردەوامی خۆیان دەسەپێنن و تا ڕادەیەكی زۆریش كاریگەریان بەسەر ئاراستەی هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان هەردوولاوە هەیە، دواینیشیان بڕیارەكەی ئەمریكا بوو لە 8 ی ئیپڕیلی ئەم مانگە بەوەی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی وەك ڕێكخراوێكی تیرۆرستی بیانی خستە لیستی تیرۆرەوە، لەوانەشە ئەم هەنگاوە پاڵ بە میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێرانەوە بنێت بە جوڵەیەك ووڵامی ئەو هەنگاوەی واشنتۆن بدەنەوە، چ بەوەی داوای وەدەرنانی هێزەكانی ئەمریكا بكەن لە عێراقدا، یان بەوەی لە قۆناغی ئایندەدا ئەو هێزانە بە ئامانج بگرن، ئەمەش دەكرێت لێكەوتی بەهێز و كاریگەری هەبێت بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراقدا، كاریگەر‌ی گەورەشی هەبێت بۆسەر توانستی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لە بەرێوەبردنی كاروباری دەوڵەت و دیاریكردنی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر