گۆڕان جێگری دووەم‌و یەكێتی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت رەتدەكاتەوە

کوردستان

15/04/2019‌ 1485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوو رێككەوتننامەی دابەشكردنی پۆستەكان، دەستی ئەو دوو رێككەوتننامە سیاسییەیان بەستووە، كە سێ لایەنی براوەی هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكومەت واژوویان كردووە.

وەك بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان و پارتی باسیدەكەن، دانوستاندنەكانیان پەكینەكەوتووە، بەڵام رەتكردنەوەی دوو پۆست لەلایەن یەكێتی و گۆڕانەوە، هاتنی شاندی دانوستاندنكاری پارتی بۆ سلێمانی دواخستووە. ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان-یش دەڵێت: "پارتی و گۆڕان گرفتەكەیان هێندە ئاڵۆز نییە، دەتوانن بەیەك دانیشتن رێكبكەون".

بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی رووداو بەدرێژایی سێ ساڵی رابردوو، زۆربەی فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان وەك پۆستێكی زیادە دەبینی و سەرلەبەری ئەو دامەزراوەیان رەتدەكردەوە، بەڵام ئێستا شەڕ لەسەر جێگرەكانی گەرمە و تەنانەت هێندە پێداگیری لەسەر دەكرێت، زۆرتر لە دوو هەفتەیە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی دواخستووە. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئێستا دۆخەكە بە دەستپێشخەرییەكی نوێی نێچیرڤان بارزانی، یان كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوەی نێوان پارتی و گۆڕانەوە پەیوەست بووە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی لە نێو زۆربەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەكە دروستبووە "ئایا گۆڕان لە بەرانبەر رازیبوون بە دوو جێگری سەرۆكی هەرێم، چی دەستدەكەوێ؟".

كوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو بڕگەیەی رێككەوتننامەی نێوان پارتی و یەكێتی، كە باس لە دانانی جێگرێكی دیكە دەكات بۆ سەرۆكی هەرێم، بەكۆسپی بەردەم گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ دەزانێت‌و دەڵێت: گۆڕان ئامادەیە بە تەواوی دەستبەرداری جێگری سەرۆكی هەرێم ببێ بۆ یەكێتی "بەڵام لە بەرانبەر وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆ"، چونكە وەك ئەو باسی دەكات "جێگری دووەم هیچ رۆڵێك بۆ ئەو جێگرە ناهێڵێتەوە، كە بزووتنەوەی گۆڕان وەریدەگرێ".

بڕیار بوو رۆژی دووشەممەی رابردوو، پارتی و یەكێتی، رێككەوتنەكەیان واژووبكەن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی بزووتنەوەی گۆڕان لەزیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دواخرا بۆ ئەوكاتەی پارتی، بزووتنەوەی گۆڕان رازی دەكات. 

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: لەحاڵەتی سووربوونی گۆڕان لەسەر رەتكردنەوەی دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەبێت هەردوو رێككەوتنەكە بگۆڕدرێت و سەرلەنوێ دانوستاندن بۆ دابەشكردنی پۆستەكان بكرێتەوە، ئەوەش قورسە و كاتیش درەنگە بۆ ئەوە.

ئەوەی وایكرد یەكێتی پێداگری بكات لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كەمكردنەوەی كۆسپەكانی بەردەم پێكهاتنی نێوخۆیی خۆی بوو، چونكە ئەو پۆستە دەبێتە فریادڕەسی چارەسەركردنی كێشەی باڵەكانی كە ئێستا بەدەر لە باڵی ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ گرووپێكی دیكە لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیدا دروستبوون وەك هێڵی سێیەم كە پێدەچێت قادر حەمەجان، بەربژێریان بێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە، دەیەوێت جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی راپەڕاندن بۆ وەرگرتنی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی بەربژێر بكات.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی رەتیدەكاتەوە حیزبەكەی هۆكار بێت لەو دۆخەدا و هیچ رۆڵێكیش بگێڕێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان: "كێشەكە ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە پارتی خراپ داخڵی گفتوگۆكان بووە و وەك كاردانەوە بەرامبەر یەكێتی بە پەلە رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان كردووە، ئێستاش دەبێت پارتی خۆی ئەو گرفتە چارەسەر بكات، تەنانەت ئەگەر ئەو چارەسەرە بەوە بێت كە بۆ خۆی پۆستێكی دیكەی بداتێ، چونكە یەكێتی رێككەوتنی خۆی كردووە و چاوەڕێی ئەو دوولایەنە دەكات".

هەر لەو بارەوە ئاسۆ عەلی، ئەندامی سەركردایەتی دەڵێت‌: "گرفتی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت پەیوەندی بە یەكێتییەوە نەماوە، ئێمە چاوەڕێی پارتی و گۆڕان دەكەین بۆ ئەوەی رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی واژۆ بكەین".

(رووداو) لە رێگای چەند سەركردەیەكی پارتییەوە زانیاری دەستكەوتووە كە پارتی لە سەرەتاوە بەرنامەی وابوو لە رێگای پۆستێكەوە گۆڕان رازی بكات و بزووتنەوەكەش بەوە نەرمی نواندووە، بەڵام یەكێتی بەوە رازی نابێت. ئەویش بڕگەیەكی نێو رێككەوتننامەی گۆڕان و پارتییە.

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ هۆكاری دواكەوتنی چوونی شاندی پارتی بۆ سلێمانی، ئەوەیە نامانەوێ تەنیا بێین كۆببینەوە، "دەمانەوێت، كە هاتین دانیشتنی یەكلاكەرەوەمان هەبێت، ئەوەش كاتێك دەبێت كە ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی ئێستا هەیە لە نێوان پارتی و گۆڕان و یەكێتی، چارەسەر نزیك بكەنەوە و گڵۆپی سەوز بۆ ئەو كۆبوونەوەیە هەڵبكەن".

بەپێی زانیارییەكان، گۆڕان رازی بووە جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت لە بەرامبەر یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، كە گۆڕان وەریدەگرێ. بەڵام وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی "یەكێتی یاریدەدەر بۆ سەرۆكی حكومەت رەتدەكاتەوە و سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەیە و چاكسازی پێویستە حكومەت لە رێگای دامەزراوە و وەزارەتەكانی خۆیەوە بیكات".

لەسەر پێشنیازی پەرلەمانتارانی یەكێتی، جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیادكراوە بۆ كاروباری سەربازی. بەوپێیەش ئەو جێگرەی لای بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت بۆ كاروباری ئیداری و سیاسی دەبێت.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، رەتیدەكاتەوە دانوستاندن لەنێوان پارتی و گۆڕان بگاتە بنبەست بەهۆی ئەو پۆستەوە و دەڵێ: "ئەگەری بەهێز و چاوەڕوانكراو ئەوەیە پارتی و گۆڕان لەم هەفتەیەدا رێكبكەون، چونكە گۆڕان و پارتیش دڵنیان، ناكرێت رێككەوتننامەیەكی گرنگی نێوانیان بەهۆی زیادكردنی پۆستێكەوە كێشەی تێبكەوێت". ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان هەروەها دەڵێ: "میكانیزم و رێگا زۆرە بۆ ئەوەی پارتی بتوانێ گۆڕان رازی بكات، هەربۆیە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی پێویستی بە كۆبوونەوەی سەرلەنوێی جڤاتەكانیش نابێت و چاوەڕوان دەكرێت پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەو رێككەوتنە بێتە ئاراوە".

بەپەلە