پرۆژەیەك بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی‌و لایەنەكانی هەرێم دەخرێتەڕوو

کوردستان

15/04/2019‌ 1768 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حاكم شێخ لەتیف شارەزای یاسایی‌و پەرلەمانتاری كوردی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان‌و لایەنەكان دەخاتەڕوو.

لەمیانی پرۆژەكەی حاكم شێخ لەتیف نووسیویەتی: ماوەی ١٠ ساڵە سەرۆكایەتی ھەرێم بووەتە كێشەیەكی جدی یاسایی و سیاسی لە ھەرێمی كوردستاندا لە ئێستاشدا ھەر ئەو پۆستە بۆتە كۆسپی جدی لەبەردەم پێكھێنانی حكومەتی ھەرێم ،بۆیە ئەگەر لایەنەكان ھەر نەگەیشتنە ڕێككەوتن ئەم پێشنیارە دەخەمە ڕوو پێم وایە دەبێتە ھۆی چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی ھەرێم و ھەروەھا چاڕەسەركردنی كێشەی خەڵكیش كە خۆی لە دیموكراتیزەكردنی سیستەمەكەدا دەبینێتەوە سەرەڕای ڕازی كردنی داواكاری لایەنە سیاسیە ناكۆكەكانی. 

هەروەها نووسیویەتی: لەسیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆكی دەوڵەت یان ھەرێم سەرەڕای ئەوەی پێویستە لە پەرلەمان ھەڵببژێردرێ پێویستە دەسەڵاتی ڕاستەقینەشی نەبێت بەڵكو دەسەلاتەكانی تەنھا كۆمەڵێك دەسەڵاتی پڕۆتۆكۆڵی و تەشریفاتین ودەسەڵاتی ڕاستەقینەی جێبەجێكردن لای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانە

حاكم شێخ لەتیف دەشڵێت: پێشنیاز دەكەم كە سیستەمەكە بەتەواوەتی بكرێتە پەرلەمانی و سەرۆكایەتی ھەرێم لەدەسەڵاتەكانی دابماڵرێت و دەسەڵاتەكانی بدرێت بە سەرۆكی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران ،ئەو پۆستەش واتە سەرۆكی ھەرێم بۆپارتی نەبێت ،بەڵكو بدرێتە گۆڕان یان یەكێتی ‌و بەمەش كێشەی ھەموو لایەنەكان و كەسەكان چارەسەر دەبێ بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەكەم :پارتی :
پارتی چەند ئامانجێكی ھەیە دەیەوێت لەم پێك ھێنانی حكومەتەدا بەدەستیان بێنێت لە پێش ھەمویانەوە مسۆگەركردنی ئەوەی كە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە پایتەخت بەدەست خۆیەوە بێت و ترس لەسەر دەسەڵاتەكەی دروست نەبێت، جگە لەوەش دۆزینەوەی پۆست و پێگەش بۆ نێچیرڤان بەرزانی بەجۆرێك بالانس لەنێوان ئەوو مەسرور بەرزانی پارێزراو بێت ،سەرەڕای ئەوەی كە پارتی دەیەوێت پێگەی بەڕێز مەسعود بارزانی بە قەولی خۆیان وەك مەرجەعێكی سیاسی پارێزراو بێت ،لەم پڕۆژەیەدا ھەرسێك ئامانجەكەی پارتی دێنە دی 
١- بەنیسبەت مسۆگەركردنی دەسەڵاتی فیعلی لەلایەن پارتیەوە مسۆگەر دەبێت بۆی چونكە دەسەڵاتی فیعلی لای سەرۆك وەزیرانەئەویش لە پارتیەو بەدیاری كراویش مەسرور بەرزانیە،سەرۆكی ھەرێمی پرۆتۆكۆڵیش ھیچ دەسەڵاتی نیەو بونێكی ڕەمزی ھەیە وپارتی ترسی لێی نابێت ھەروەكو چۆن لە بەغداد پۆست ی سەرۆكی وەزیران دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بۆ شیعەكان مسۆگەر كردوەو ترسیان لەسەرۆكی كۆمار یان سەرۆكی پەرلەمان نیە ھەركەسێك بن .

٢- سەبارەت بە مەسعود بەرزانی پارتی دەیەوێت ئەگەر ھیچ پێگەیەكی ڕەسمیشی نەبێت وەك مەرچەعێكی سیاسی پرس پێكراو بمێنێتەوە ،بۆیە باشترین پێگە بۆ ئەو بۆئەوەی ئەومەرامەیان بۆ بێنێتە دی و مەسعود بەرزانی لەسەرۆكی پارتیەوە ببێتە ئەوەی خۆیان دەیانەوێ ،لەسەرۆكایەتی حیزبەكەی دەست لەكار بكێشێتەوە،لەجیاتی ئەوە ئەنجومەنیێكی سیاسی ڕاوێژكاری لە سەرۆكی حیزبە سیاسیە بەشدار بوەكانی حكومەت پێك بھێنرێ ومەسعود بەرزانی سەرۆكایەتی بكات و بەشێوەی دەوری كۆببێتەوەو ڕاوێژ بدات بە حكومەت و پەرلەمان و ھەر جارەش بەگوێرەی پێویستی بابەتەكە میوانداری سێ سەرۆكایەتێەكە یان یەكێكیان بكات،نمونەی واشمان لە وڵاتانی پێشكەوتو ھەیە سەرۆكەكانی پێشوو بۆ سود وەرگرتن لە شارەزایی سیاسیان دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی و ڕاوێژكاری ،باشترین نمونەش فەڕەنسایە كە ھەموو سەرۆك كۆمارە پێشوە زیندوەكان دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی دەستوری فەڕەنسا

٣-نێچیرڤان بارزانی بكرێتە سەرۆكی پارتی لە ھەمان كاتیشدا ئەندامیش دەبێ لە ئەنجومەنی سیاسی كە مەسعود بەرزانی سەرۆكایەتی دەكات.

دووەم : یەكێتی و گۆڕان
یەكێتی و گۆڕان كە جاران وایان نیشان دەدا كە ھەردوكیان لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینەن و بەقەولی خۆیان خەباتیان دەكرد بۆ ئەوەی سیستەمەكە ببێتە پەرلەمانی و سەرۆكیش ببێتە دەسەڵاتیكی پرۆتۆكۆلی تەشریفاتی ،ئێستا شەڕیانە لەسەر ئەوەی كامیان ببێتە جێگری ئەو سەرۆكە فول دەسەڵاتەی تا دوێنێ داوای نەھێشتنی دەسەڵاتەكانیان دەكرد ،بۆیە كردنی سیستەمەكە بە پەرلەمانی ئامانجی ھەردوكیان بەدی دەھێنێ یەكێكیان پۆستی سەرۆكی ھەرێم وەربگرێ ئەویتریان پۆستی جیگر لەجیاتی ئەوەی ئێستا كە ھەردوكیان شەڕیانە لەسەر جێگرێك یان دوو جێگر،بەمەرجێ ئەوەی پۆستی سەرۆكی ھەرێمی وەرگرت سەرۆكی پەرلەمان بدات بەوەی تر 

سێیەم : لایەنەكانی ئۆپۆزسێۆن:
سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینە بەبێ ئۆپۆزسێۆنی ڕاستەقینە نابێت ،لە سیستەمە دیموكراتیەكان دەسەڵات نەك ھەر دژایەتی ئۆپۆزسێۆن ناكات بەڵكو كاردەكات بۆ دروست بوونی ئۆپۆزسێۆنێكی كارا ،چونكە ڕادەی دیموكراتی ھەر سیستەمێك بەبونی ئۆپۆزسێۆنێكی كارا دەپێورێت ،خۆشبەختانە لەم خولەدا تا ئێستا نەوەی نوێ و یەكگرتوو ئۆپۆزسێۆن بونی خۆیان ڕاگەیاندوە ھیوادارم كۆمەڵیش ئەگەر بەشداری پێنەكرا بەدڵی خۆی لەحوكمەتدا بچێتە پاڵیان و یەك بەرەی بەھێزی ئۆپۆزسێۆن پێك بێنن ،بەمەرجێ لەلەیەن دەسەڵاتەوە دان با ئۆپۆزسێۆن دابنرێ و كوتلەی ئۆپۆزسێۆن لە پەرلەمان بەرامبەر كوتلەی دەسەڵات بێت لە ھەموو یاساو بابەتەكان مافی ڕا دەربڕین و چاودێری كردنی حكومەت و مافی پێشكەش كردنی پڕۆژەی بەدیل و مافی حكومەتی سێبەریشی ھەبێت و نەوەی نوێ بەو پێیەی گەورەترین كوتلەی ئۆپۆزسێۆنە مافی سەرۆكایەتی ئۆپۆزسێۆنی پێ بدرێت یاخوا ڕێك بكەون لەسەر ئەنجومەنێكی سەكردایەتی لە سەرۆكی حیزبەكانی ئۆپۆزسێۆن و سەرۆكەكەی بەشێوەی دەوری بێت

بۆیە بەكورتی نەخشەی پۆستە باڵاكان بەم شێوەیەی لێدێت : 
مەسعود بەرزانی :سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی ڕاوێژكاری.
سەرۆكی حیزبەكانی بەرەی دەسەڵات :ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی ڕاوێژكاری.
دەشێ سەرۆكەكانی پێشوی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ببنە ئەندام لەو ئەنجومەنە،ھەركامێكیان بیانەوێت ،
بەمەرجێ ئەو ئەنجومەنە ھیچ موچەو ئیمتیازی ئیزافیان پێ نەدرێ بەلكو كارێكی خۆبەخشی بێت و تەنھا موچەی خانەنشینیەكەی خۆیان ھەبێت .
نێچیرڤان بەرزانی :سەرۆكی پارتی
مەسرور بەرزانی :سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
گۆڕان :سەرۆكی ھەرێم.
یەكێتی : جێگری سەرۆكی ھەرێم 
یان سەرۆكی ھەرێم بۆ یەكێتی و سەرۆكی پەرلەمان بۆ گۆڕان ،لەم حاڵەتەیا پێویستە سەرۆكی ھەرێم جێگری نەبێت یان ئەگەر ھەشی بێت بدرێت بە كریستیانەكان یان ئێزدیەكان. 
سەرۆكی ئۆپۆزسێۆن : بۆ نەوەی نوێ یان بەڕێك كەوتن لەنێوان خۆیاندا بەشێوەی ساڵانە ھەرساڵەی سەرۆكی یەكیك لە حیزبەكانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەرۆكایەتی بكات