پۆلیسی سلێمانی: ھیچ رووداوێکی کوشتن بە شاراوەیی نامێنێتەوە

کوردستان

15/04/2019‌ 1121 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ حاڵەتی کوشتن لە شاری سلێمانی تۆمارکراون بەڵام رایدەگەیەنێت، "ھیچ رووداوێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە و بکەرانی ئاشکرادەکرێن و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە".

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە ماوەی ھەفتەیەکدا سێ حاڵەتی کوشتن لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویان داوە، بەڵام رووداوەکان لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بوون و ھیچ پەیوەندییەکییان بە ئارامیی شاری سلێمانییەوە نییە، ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی ھەوڵی دەستگیرکردنی بکوژی تاوانەکانی کوشتن دەدەن و ھیچ رووداوێک بە شاراوەیی نامێنێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "رووداوەکانی کوشتن لە شاری سلێمانی پەیوەندییان بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە".
 
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی، "ئێستا ھیچ تاوانبارێک داڵدەنادرێت، ئەگەر بزانین تاوانبارێک داڵدەدراوە، راستەوخۆ ھێزەکانی پۆلیس تاوانبارەکە و داڵدەدەرەکە دەستگیردەکەن، ھاووڵاتییانی شاری سلێمانی دڵنیادەکەینەوە، ھێزەکانی پۆلیس بەردەوام ھەوڵی ئەوە دەدەن شاری سلێمانی لە رەوشێکی ئارامدا بێت".
 ه.م