قایشێكی دەستی نەخۆشی ناڕێكوپێكی دڵ دیاریدەكات

تەندروستی

16/04/2019‌ 815 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لێكۆڵەران ئامێرێكی ئەلیكترۆنییان دروستكردوووە، كە وەك كاتژمێری دەست بەمەچەكی دەستەوە دەبەسترێت و توانای ڕێكخستنی لێدانەكانی دڵی هەیە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی (New Atlas) یەكێك لەبەربڵاوترین ناڕێكوپێكییەكانی دڵ، نەخۆشی فیبریلاسیۆن ئەتڕیاڵ (Atrial fibrillation)ە، كە لەئەگەری گوێنەدان بەم كەموكورتییەی دڵ، ئاسەوارە خراپەكانی لەكەسەكەدا دەردەكەوێت.

بەداخەوە دیاریكردنی ئەو نەخۆشییە لە قۆناغی یەكەمدا كەمێك سەخت و ئاڵۆزە، هەر بەو پێیەش لێكۆڵەڕە نێودەوڵەتییەكانی بوارەكە، ئامێرێكیان بۆ لێكدانەوەی لێدانەكانی دڵ دروستكردووە، كە لەسەر مەچەكی دەستی نەخۆشەكان دەبەسترێت.

ئەو ئامێرە ئەلیكترۆنییە، كە لەلایەن سێ تیمی زانكۆی تەكنۆلۆجیای كۆناس و زانكۆی ڤیلنیۆس (Vilnius)و ئەكادیمیای هونەری ویلنیۆس بەهاوكاری زانكۆی سوئید دروستكراوە. 

هەندێك سینسۆر یان هەستەوەری وەك  PPGو ECG تێدا بەكار هاتووە، كە سێنسۆری PPG گۆڕانكاریەكانی بڕی خوێن لەنێو شانەكانی جەستەو سێنسۆری ECG چالاكییە ئەلیكترۆنییەكانی دڵ لەسەر پێست لێكدانەوە بۆ دەكات.

كاتێك، كە سێنسۆریPPG  گۆڕانكارییەكان لە بڕی خوێندا لیكدانەوە دەكات، ئەمە دەستپێكی نەخۆشی فیبریلاسیۆن ئەتڕیاڵە، كە ئامێرەكە بەلەرینەوە و لەرزینەوە هۆشداری بە بەكارهێنەرەكەی دەدات. 

هەروەها ئامێرەكە بە بەكارهێنەر ئەو هۆشدارییەش دەدات تا سێنسۆری  ECGدابگرسێنێت و بەمشێوەیە زانیارییەكان پەیوەست بە سوڕانی خوێن ڕووندەكرێتەوە.

پاش بەراوردكردنی زانیارییەكان لەم دوو سێنسۆرەدا، ئەگەر دیاریكرا كەسەكە نەخۆشی فیبریلاسیۆن ئەتڕیاڵ لەودا ڕوویداوە، ئامێرەكە هۆشداری تەواوەتی پێدەدات، كە لەوكاتەدا دەبێت یەكسەر سەردانی پزیشك بكات،

هاوكات پزیشكان دەڵێن: لەداهاتوودا هەوڵدەدرێت ئەم ئامێرە بۆ كاردانەوە فیزیاوییەكانی دڵیش پێشكەوتووتر بكرێت.

دروستكردنی ئەم ئامێرە لەكاتێكدایە، كە كەسەكان هەمیشە لەدۆخی بەگومان بوونیان لەنەخۆشییەكانی دڵ سەردانی پزیشكان دەكەن، بەڵام لەمە بەدواوە ئەم ئامێرە ئاسانكاریەكی باش بۆ دیاریكردنی نەخۆشییەكانی دڵیان دەبێت و بەردەوام ئەو كونتڕۆڵ دەكات و هۆشداری پێویستیان پێدەدات.

وەرگێڕان: یاسین نادر