پارتی ریفراندۆمێكی تر دەكات؟
پرسی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی دەوروژێنێتەوە

کوردستان

16/04/2019‌ 13758 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو مەترسی‌و گەمارۆو كاردانەوانەی بەزوویی لەبیركرد، كە لەدوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی 25ی ئەیلوولی 2017 رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەو ئێستا دەیەوێت پرسی سەربەخۆیی بوروژێنێتەوە.

چەند هۆكارێك هەیە بووەتە هۆی ئەوەی پارتی جارێكی تر بەتەنیا كەڵكەڵەی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان بكەوێتەوە مێشكی‌و بۆ ئەوەش لەئێستاوە دەستی بەهەندێك هەنگاو كردووە، كە شارپرێس لەسەر بنەمای چەند زانیارییەك وردەكارییەكەی دەخاتەڕوو.

دۆخی عێراق
پارتی دیموكرات پێیوایە، كە لەهاوینی داهاتوو جارێكی تر دۆخی ناوخۆیی عێراق دەشڵەقێتەوە، بەتایبەتی ناوچەكانی باشوورو پارێزگای بەسرە دەست دەكەنەوە بەخۆپیشاندانی ناڕەزایی، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێ لەنێوان لایەنە شیعییەكان.

پارتی پێیشوایە، ئەوە دەرفەتێكی باش دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو هەلە بقۆزێتەوەو بەبیانووی نائارامی ناوچەكانی عێراق‌و دروستبوونی شەڕ جیابوونەوە لەعێراق رابگەیەنێت، بۆ ئەوەش هەندێك رای جیاواز هەیە، لەسەر ئەوەی، كە ئاكامی ریفراندۆمەكەی پێشوو وەك وەسیقەیەك بەكاربهێنێت، یان بەپەلە ریفراندۆمێكی تر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام بدات.

زانیاری هەواڵگری ئیسرائیلی و وڵاتانی سوننە
پارتی لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەكانی وڵاتی ئیسرائیل و هەندێك وڵاتانی سوننە ئەو پێشبینییانەی بۆ دۆخی داهاتووی عێراق كردووەو ئێستاش بەردەوام لەسەر ئەو زانیارییانە كاردەكات‌و خەریكی لۆبیكردنە و دەیەوێت زانیاری زیاتر لەو بارەوە وەربگرێت.

پارتی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە لەپەیوەندییە تایبەتییەكانی وەردەگرێت‌و متمانەیەكی زۆریشی بەو زانیارییانە هەیە، كە زانیارییەكانی باس لەوە دەكەن، بەشێك لەلایەنە عێراقییەكان لەئەنجامی ئاڵۆزییەكانی باشووری عێراق تەسفییەی یەكتری دەكەن‌و ئەوەش دەرفەتی باشە بۆ پارتی بۆ ئەوەی سەربەخۆیی  رابگەیەنێت.

لۆبیكردن لەئەمریكا
پارتی لەئێستادا هەر لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە دەستی بەلۆبیكردنێكی گەورەو نهێنی لەئەمریكا كردووە، بۆ ئەوەی جارێكی تر پرسی ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان بوروژێنێتەوەو لەكاتی هەوڵەكەشی پشتگیری نێودەوڵەتی هەبێت.

بۆ ئەو مەبەستە چەند تیمێكی تایبەتی پارتی چەندین كۆمپانیاو كەسایەتی ئەمریكایان راسپاردووە، بۆ ئەوەی دەست بەلۆبیكردن لەئەمریكا بكەن، كە ئەو هەنگاوەی بەشێوەی نهێنی بەرێوەدەبات، بێ ئەوە هیچ زانیارییەك لەوبارەوە بەلاییەنەكانی تری هەرێم بڵێت.

پشتگیری وڵاتانی كەنداو و سوننەكانی عێراق
لەهەنگاوی ئەم جارەی بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان پارتی پشتی بەوە بەستووە پشتگیری چەند وڵاتێكی كەنداو لەوانە ئەردەن‌و سعودییەو ئیمارات‌و قەتەر دەست بخات، بۆ ئەوەش دەیەوێت سۆزی لایەنە سونییەكانی عێراق بەلای خۆی رابكێشێت، بەوەی ناوچە سونییەكان بەشێك دەبێت لەو وڵاتە سەربەخۆیەی رایدەگەیەنێت.

پارتی بۆ ئەو مەبەستە پەراوێزخستنی ناوچە سونییەكانی عێراق دەكاتە بیانوویەك، هەم بۆ ئەوەی پشتگیری لایەنە سونییەكانی عێراق دەست بخات، هەم پشتگیری وڵاتانی كەنداو، كە ئەو وڵاتانە هاوسۆزی لایەنە سونییەكانی عێراقن.

نەوتی موسڵ ئامانجی یەكەمی پارتییە
پارتی دەیەوێت موسڵ، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی دەوڵەمەندن بەنەوت و غاز بكاتە بەشێك لەو ناوچە سەربەخۆییەی دەیەوێت وەك دەوڵەت رایبگەیەنێت، لەوەشدا چەند ئامانجێكی هەیە.

پارتی لەو هەنگاوەی ، جگە لەوەی دەیەوێت سوننەكان رازی بكات‌و پشتگیری وڵاتانی كەنداو دەستبخات، پشتگیری لایەنی توركیاش بەدەست بهێنێت، بەوەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەسەر ناوچە توركمانەكان زیاد بكات، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە سەركەوتوو بێت لەوەی توركیا جارێكی تر دژایەتی هەوڵی سەربەخۆیی نەكات.

ململانێكانی ئێران‌و ئەمریكا
یەكێكی تر لەو هۆكارانەی پارتی دەیەوێت وەك دەرفەتێك كەڵكی لێوەربگرێت، ململانێكانی ئێران‌و ئەمریكایە، كە پێیوایە، لەكۆتایی ئەمساڵ سەرەتایی شەڕی نێوان ئەمریكاو ئێران دەستپێدەكات، بەوەش دەرفەتی زیاتر دروست دەكات بۆ فەرزكردنی مەرجەكانی بۆ پشتیوانی ئەمریكا تا لەگەڵ پرۆسەی جیابوونەوە گرفتی بۆ دروست نەكات، ئەمە جگە لەوەی لەهەڵگیرساندنی شەری نێوان ئێران و ئەمریكا ئەگەری گۆرینی نەخشەو هاوسەنگی هێز لەناوچەكە دێتە پێشەوە.

پارتی لەئێستادا وەك نەیاری ئێران خۆی نیشاننادات، ئەوەش تا ئەوكاتەی شەڕی نێوان ئەو وڵاتەو ئەمریكا روودەدات، بۆ ئەوەی تاران گومان لەهەوڵەكانی پارتی نەكات، بەڵام لەكاتی روودانی شەڕ، پارتی نیازی وایە پشت لەئێران بكات‌و هەوڵی سەرخستنی پرۆژەكەی خۆی بدات، كە لاوازبوونی تاران بۆ ئەو دەرفەتێكی باش دەبێت، وەك چۆن لەرابردوو تا كۆتا ساتی لێدانی رژێمی پێشووی عێراق پەیوەندی لەگەڵ ئەو رژێمە هەبوو، دواتر لەكاتی لێدانی لەلایەن ئەمریكاوە دژایەتی بۆ راگەیاند.

سلێمانی‌و كەركوك پشتگوێ دەخات
بەو پێیەی لەهەرێمی كوردستان، هەردوو ناوچەی سلێمانی‌و كەركوك ناوچە نفوسی یەكێتی نیشتمانییەو ئەو لایەنەش لەئێرانەوە نزیكە، هەنگاوی ئێستا پارتی پشتگوێخستنی ناوچە نفوزی یەكێتییە بەپارێزگای كەركوكەوە، چونكە لەلایەك نایەوێت لەهەنگاوی یەكەمدا بەهۆی ئەو ناوچانەوە بچێتە كێبڕكێیەكی لەگەڵ ئێران، لەلایەكی تریش متمانەی بەیەكێتی نییە لەگەڵی ئەوكارە بكات.

پارتی لەبەرانبەر ئەوەدا دەیەوێت بەپارێزگای موسڵ‌و چەند ناوچەیەكی تری سوننەكان قەرەبووی پارێزگای كەركوك ناوچەكانی تر بكاتەوە، بەوەش لەكێشمەكێشەكانی لەگەڵ یەكێتی دووردەكەوێتەوە.

متمانەی بەلایەنە كوردییەكان نییە
پارتی لەئێستادا متمانەی بەلایەنە كوردییەكان بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی نییە، بۆیە لەهەنگاوەكانی پشتیان پێنابەستێت‌و دەیەوێت پرسی سەربەخۆیی بكاتە ئەمری واقیع، دواتر چ لایەنێك دوای دەكەوێت، یان دوای ناكەوێت، دەكەوێتە سەر خۆیان.

بەو هۆیەشەوە پارتی ئێستا بەتەنیا خۆی هەنگاوەكان دەنێت‌و تەنانەت پێچەوانەی پێشوو لەهیچكام لەهەنگاوەكانی پروس‌و راوێژو زانیاری لەگەڵ یەكێتی ناگۆڕێتەوە، بۆ ئەوەی بەشێك لەهەنگاوەكانی بەنهێنی بمێننەوە.

ریفراندۆمێكی تر دەكات؟
لەئێستاشدا پرسی ریفراندۆمی 2017‌و ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی تر مشتومڕی لەناو پارتی دروستكردووە، كە بەشێك لەپارتییەكان پێیانوایە، ریفراندۆم ئەنجامدراوە پێویست ناكات بەئەنجامدانی ریفراندۆمێكی ترو ئەو ریفراندۆمەی رابردوو وەك بەڵگەیەكە دەتوانن بەكاریبهێنن.

لەبەرانبەردا بەشێكی تر پێیانوایە، ریفراندۆمی تر بكەن، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی تریش بگرێتەوە كە سوننە نشینن و هەنگاوی دوای ریفراندۆمی نوێش راستەو خۆ راگەیاندنی جیابونەوە بێت، كە ئەو دوو بۆچوونە لەناو پارتی بەشێوەیەكی یەكجاری یەكلا نەبووە تەوەو بڕیاری لەبارەوە نەدراوە.

گەڕانەوەی بەعسییەكان
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن ئەگەری بەهێز هەیە یەكێك لەو هەنگاوانەی ئەمریكا وەك كاری گوشار بەكاریبهێنێت، گەرانەوەی بەعسییەكان بێت بۆ ناو هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق، چونكە تا ئێستا بەعسییەكان پێگەیەكی بەهێزیان لەناو ناوچە سوننەنشینەكان هەیە.

رەنگە سەرەتا كارتی بەعسییەكان تەنیا لەبەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و دوركەوتنەوەی لایەنە شیعییەكان بەكاربێت لەگەڵ ئێران، بەڵام گومانی ئەوەش هەیە ئەوە پرۆژەیەكی ستراتیژی ئەمریكی‌و وڵاتانی سوننە بێت بۆ لێدان لەپێگەی ئێران‌و كەمكردنەوەی نفوزی شیعەكان لەحوكمرانی عێراق. 

بەهۆی ئەوەی پارتی بەردەوام پەیوەندی باش بووە لەگەڵ سوننەكان، یەكێك لەئەگەرەكان ئەوەیە لەكۆتایدا خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان پارتی و بەعسییەكان دروست بێت لەبەرانبەر نەیاری هاوبەش و جیابوونەوە لەعێراقی ئێستا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئێستا پارتی جگە لەوەی بەداڵدەدانی هەندێك لەسەركردەكانی بەعس تۆمەتبار دەكرێت، لەهەمانكاتیشدا دۆستە هاوبەشەكانیان رۆڵیان دەبێت لەنزیكخستنەوەی زیاتری بەعسییەكان لەپارتی.  

 

بەپەلە