سیخوڕێكی مەغریبی سەر بەقەزافی نهێنی سەرسوڕهێنەر ئاشكرادەكات

جیهان

16/04/2019‌ 5869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە مەغریبیەكان، وردەكاری پەیوەندییەكانی نووسەری مەغریبی (عەبدوللـەتیف راكز) بە موعەمەر قەزافیەوە بڵاوكردەوە، تیایدا بابەتەكە بە سەرسوڕهێنەر تر لە خەیاڵ دەچوێنن.

رۆژنامەی ئەیام لە چاپێكەوتنێكیدا لەگەڵ نووسەری راكز، باسی سەركەوتنەكانی ناوبراو دەكات لە چونە نێو بازنە سنوردارەكەی قەزافیەوە، پاشان چۆنیەتی ئەو خزمەتە هەواڵگیریانەی كە بەنرخ بوونە بۆ مەغریب و بوە هۆكاری ئەوەی شا حەسەنی دووەم لێبوردنێكی شاهانەی بۆ دەربكات.

راكز دەڵێ: چیرۆكەكەی لە ناوەراستی نەوەدەكانەوە دەست پێدەكات، كاتێ رووبەرووی فشاری خێزانی و ماددی بوەوە، ئەمەش وای لێكرد داوای پەنابەریی لە لیبیا بكات؛ بەهۆی بیرۆكە بەرهەڵستكارەكانی دژی سیستەمی پاشایەتی مەغریب لەو ماوەیەدا، پاشان چۆنیەتی نزیك بونەوەی لە بازنە سنوردارەكەی قەزافی.

نووسەرە مەغریبیەكە روونی دەكاتەوە، سەرەتای نزیك بوونەوەی لە بازنەكەی قەزافی و دانیشتن لە نێو رەشماڵەكەیدا بۆ ماوەیەكی درێژ، سەرەتای پەیوەندیە هەواڵگیریەكانی لەگەڵ مەغریب سەرەتای ژیانی دەست پێكرد، كاتێ رەگەزە هەواڵگیریە ناوخۆییەكان راهێنانیان پێكردوە.

راكز روونی دەكاتەوە، لەگەڵ چونە نێو خاكی لیبیا، لەبواری رۆژنامەگەریدا كاری كردوە، پاشان پەیوەندییەكانی لەگەڵ ژمارەیەك لە نزیكەكانی قەزافی توندوتۆڵ كردوە، ئەمەش رێگەی بۆ خۆشكردوە لە دانیشتنەكانی نێو رەشماڵەكەیدا بۆ چەندین جار دابنیشێت و چەندین جاریش بەشداری گەشتەكانی بكات بۆ دەرەوە.

نووسەر باسی ئەوە دەكات، ژمارەیەك لە نزیكەكانی قەزافی داوایان لێكردوە پرۆسەی هەواڵگیری لە نێو تونسدا ئەنجامبدات، لە نێویاندا چونە ناو بازنە سیاسیەكانی تونس و زانینی ئەوەی لە دەوروبەری زین العابدین بن عەلی دەگوزەرێ.

كاتێ ناوبراو چۆتە نێو خاكی تونس زیاتر لە 200 هەزار دۆلاری ئەمەریكی و 10 كیلۆ زێڕی پێ بوە، پلانی داناوە بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەكی تایبەت بە كۆچ و فرۆشتنی ئوتومبیل، بۆ ئەوەی بتوانی پەیوەندی لەگەڵ كارمەندانی هەواڵگیری لیبیا بگرێ.

ناوبراو دەگێرێتەوە، توانیویەتی لە بازنەی خێزانی تەرابلسی نزیك لە زین العابدین بن عەلی نزیك بێتەوە، بەڵكو چاوی كەوتوە بە حاجی ترابلسی برای لەیلا تەرابلسی هاوژینی سەرۆكی تونس، لەو كاتەدا كەس هەستی نەكردوە سەر بە پاسەوانی شۆرشی سەوزی سەر بە دەزگای ئاسایشی دەرەوەیەو لە ژێر فەرمانی موسا كوسا، بەرپرسی دیاری لیبی كار دەكات.

راكز دەڵێ: قەزافی پاسپۆرتی دیبلۆماسی بۆ فەراهەم كردوە بە سیفەتی رۆژنامەوان، و رێگای پێداوە بە ئاسانی پەیوەندی لە بالوێزخانەكانی لیبیاوە بكات لە هەر ولاتێك.

بەڵام ئەو چالاكیە هەواڵگیریەی  داوای لێكرابوو لە تونس، تەنها من بەرپرسیاریەتیەكەم لە ئەستۆ گرت بەهۆی ئەو هەڵە هەواڵگیریەی هەندێ لە ئەفسەرە لیبیەكان كردیان، كاتێ ویستیان چەك بەرنە نێو شاری قەفسە، ئەمەش بوە هۆی ئاشكرا بوونی ئەو سەرەداوەی من شاردبومەوە لە پێناو گواستنەوەی زانیاری لەسەر تونس بۆ دەسەلاتدارانی لیبیا.

بەڵام راكز توشی شۆك بوو، كاتێ زانی دەسەڵاتدارانی تونس چاودێری پەیوەندیەكانی دەكەن، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی 9 ساڵ زیندانی بكرێت.

پاشان دێتە سەر باسی چیرۆكەی راكردنەكەی لە زیندان و هەڵاتنی بۆ جەزائیر پاشان جارێكی تر بۆ مەغریب، و دووبارە چوەوە زیندان، پێش ئەوەی داوای لێخۆش بوون لە شا حەسەنی دووەم بكات و پاشای ناوبراویش رەزامەند بوو لەسەر داواكاریەكەی، دوای ئەوەی لە بیرۆكەكانی پێشووی پەشیمان بوەوە.

سەرچاوە: اخبارنا المغربیە
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا