دەستەى ژینگەى هەرێم: پلانمان هەیە رێژەى سەوزایی بۆ ٢٥% بەرزبکەینەوە

کوردستان

16/04/2019‌ 1381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى دەستەى ژینگەى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت رێژەى سەوزایى لە هەرێمى کوردستان تارادەیەک کەمەو دەیانەوێت رێژەکە بەرزبکەنەوە بۆ ستانداردى جیهانى.

ھەڵۆ عەسکەری، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە شارپرێسى راگەیاند" لەئێستادا ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک باشە و تەنیا لە ھەندێک شوێن کەمە وەک گەرمیان کە رێژەکە لە ٤% و دیاریدەى بە بیابانبوون هەیە، بەڵام پلانمان ھەیە کە ڕێژەکە ١٥ بۆ ٢٥%ـە بەرز بکەینەوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى شەڕەکان و بوونى زیاتر لە چوار هەزار مۆلیدەى هەلى و زیاتر لە هەزارو ٧٠٠ ئۆتۆمبێل لە هەرێمدا زیانى بە پێکهاتە ژینگییەکان گەیاندوە.

عەسکەرى رونیشیکردەوە، پلان و ستراتیژى دیاریکراویان هەیە بۆ پاراستن و چاککردنى ژینگە، دەشلێت پلانى درێژخایەن و کورتخایەنیان هەیە بۆ ئەوەى پەرە بە بوارى ژینگە بدەن لە هەرێمدا.

سەرۆکى دەستەى ژینگەى هەرێم ئەوەشى خستەڕوو کە هەوڵ دەدەن کە مەشق وراهێنان بۆ فەرمانبەرو کارمەندانى دەستەکەیان بکەنەوەو هەروەها بابەتى ژینگەیى لە پرۆگرامەکانى خوێندنیشدا جێگە بکەنەوە.

ئەمڕۆ رۆژى جیهانى ژینگە بوو لە سەرتاسەرى جیهان و پەرلەمانیشى کوردستانیش لە ساڵى ٢٠٠٨ دا رۆژى ١٦ى نیسانى کردوە بە رۆژى ژینگەى هەرێم.

س.هـ