شارپرێس:
" لەكاتی خەودا گۆرەوی لەپێ مەكە ، لەبەر ئەوەی ناهیڵێ چاوەكان هەناسە بدەنو تووشی هەستەوەری و وشكبوونەوەیان دەكات و رەنگە كوێریش ببیت".
زۆربەمان لەزۆركەس گوێمان لەو قسانە بووە تەنانەت وایلێهاتووە بووەتە یەكێك لە بیروباوەڕە چەسپاوەكانی ژیانی هەندێكمان ، بەڵام ئەوە تاچەند راستی تێدایە؟
پێگەی "كۆنسڵتو"ی میسری لەسەر راستی و درووستی ئەو بابەتە راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا پشتی بە قسەی كۆمەڵێك شارەزا و پزیشكی تایبەتمەند لەپزیشكی و نەشتەرگەری چاوەكان بەستووە.
دكتۆر یاسر عەبد ئەلعال پزیشكی راوێژكاری نەشتەرگەری چاوەكان دەڵێت: هیچ پەیوەندییەك لەنێوان تەندرووستی چاوەكانو لەپێكردنی گۆرەوی لەكاتی خەودا نییە ، ئەو بیروبۆچوونە كەم تازۆر هیچ راستییەكی تێدا نییە.
ئەو پزیشكە دەشڵێت: بەڵام لەیەك حاڵەتدا ئەگەر بێت و گۆرەوییەكە پیس بێت و بەكتریا و میكرۆب كەڕووی پێوەبێت، تەنیا لەم حاڵەتەدا رەنگە زیادبوونی ئەو تەنۆكە بچووكانە لەهەوادا ببنە هۆی خرووی پێڵووی چاو و دواتر درووستبوونی هەستەوەری و دەردانی لینجە ئاوی ناو چاو ، بەڵام ئەو حاڵەتە تەنیا لەكاتی خەودا روونادات ، بەڵكو لەهەموو كاتەكاندا روودەدات .
هەروەك دكتۆر یاسر ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات لەحاڵەتی دەستدان لەو گۆرەوییە پیسبووە بەڤایرۆس و میرۆب و دواتر دەستدان لە چاوەكان دەبێتە هۆی سووربوونەوەی چاو و خروو و هاتنە خوارەوەی هەندێ دەردراوی چاوە تووشبووەكە كە لەوكاتەدا پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی