لەتیف شێخ عومەر هۆكاری واژوونەكردنی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی ئاشكرادەكات

کوردستان

17/04/2019‌ 3950 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: هۆكاری دواكەوتنی واژووەكردنی ڕێككەوتنەكەی یەكێتی و پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە "برادەرانی پارتی نەیانتوانیووە برادەرانی گۆڕان ڕازی بكەن بەوجۆرەی، كە هەرسێكمان پێكەوە ئەو حكومەتە پێكبهێنین".

لەتیف شێخ عومەر دەشڵێت: كێشەكە لەنێوان گۆڕان و پارتیدایە، "ئێمە ڕێككەوتنێكمان واژووەكردووە لەگەڵ پارتیدا چاوەڕێی ئەوەین ئەو ڕێكەوتنە جێبەجێبێت و ەهەنگاوەكان دەستپێبكات، كە وا پێدەچیت گۆڕان لەسەر بەندێكی ئەو ڕێككەوتنەی ئێمە ڕازی نەبێت و تەحەفوزی هەبێت داواكاری چارەسەرێكی ترە لەبرادەرانی پارتی".

قسەكانی وتەبێژی یەكێتی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكاو ئەوەش دەڵێت: بوونی تێبینی لایەنێك لەسەر ڕێكەوتنی دوو لایەنی تر لەڕووی پرنسیبەوە شتێكی نەگونجاوە، "ئێمە وەك یەكێتی بەهیچ جۆرێك تەحەفوز-مان لەسەر ڕێككەوتنی پارتی لەگەڵ هیچ لایەنێكی تردا نەبووە، ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵ پارتی كردووە بە بێ ئەوەی بچینە سەر ڕێككەوتنی نێوان ئەوان و گۆڕان".

هەروەها لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر گۆڕان داوای وەزارەتی پێشمەرگەی كرد لە یەكێتی، لەبەرانبەر ڕازی بوونی بەبوونی جێگرێكی یەكێتی لەسەرۆكایەتی هەرێم لەتیف شێخ عومەر وتی: لەهیچ ئەگەرێكدا ئێمە داخڵی دانوستان نابینەوە، دانوستانمان كردووە و تەواومان كردووە، وەك وتم "ڕێككەوتنەكەش لەگەڵ پارتی وا دادەنێین، كە واژووكراوە، برادەرانی پارتی-ش ئەمەیان بەڕەوا زانیووە بۆ ئێمە یەكێتی جێگری سەرۆكی هەرێمی هەبێت، هەروەك ڕەتیكردەوە یەكێتی ڕازی بێت بونی جێگرێكی تر لەپشكی گۆڕان بۆ سەرۆكی حكومەت".

هـ ـ ح