شارپرێس: لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا هەردوو یاریزان لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پرتوگالی خەڵاتەكانی باشترین یاریزانی جیهانیان بۆخۆیان قۆرخ كردووە ، بەجۆرێك هەر یەكەیان ٥ جار ئەو خەڵاتەیان بردووەتەوە ، تاوەكو ساڵی رابردوو لۆكا مۆدریچی كرواتی ئەو قۆرخكارییە دوانەییەی شكاند و بوو بە باشترین یاریزانی جیهان . زۆر جار دیاریكردنی ئەوەی ئاخۆ هەر یەك لە میسی و كریستیانۆ كامیان یاریزانێكی باشترن و ئاستیان بەرزترە گەیشتووەتە ئاستی دەمارگیری لەنێوان هەوادارانی هەردوولادا . لەسەر ئەو بابەتەش رۆژنامەی " فرانس فوتبۆڵ"ی فەرەنسی راپۆرتێكی كردووە و تێیدا وێنەیەكی ئەو دوو یاریزانەی بڵاوكردووەتەوە، كە چۆن بەشێوەیەكی عاشقانە یەكتری ماچ دەكەن . ساڤیت سوسیچی یوگوسلاڤی و ڕاهێنەری ئێستا لە بۆسنە دەڵێت: من لیۆنێل مێسیم لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ پێباشترە. هەرچی جیرارد هۆلیەی فەرەنسی و راهێنەری پێشووی یانەی پاریس سان جێرمان و لانس و لیڤەرپوولی ئینگلیزییە دەڵێت: "ناكرێت بەراورد لەنێوان میسی و كریستیانۆ بكرێت ، لەسەر ئاستی كەسیی من میسیم خۆش دەوێت لەبەر ئەوەی تواناكانی نائاسایین و چارەسەرەكانیشی ناكلاسیكی و داهێنەرانەن ". هەروەك دەڵێت " بەڵام كریستیانۆشم خۆش دەوێت ، لەبەر ئەوەی لە یارییە گەورەكاندا رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێرێت ، بەشێوەیەكی بەرچاویش لەژێر گوشاری زۆر سەختیشدا خۆی ڕادەهێنێت ، هەرگیز نائومێد نابێت ، لەسەر ئاستی جەستەیش وەك بۆخۆی دڕندەیەكە ". رۆژنامەكە پێیوایە كە پرۆسەی بەراوردكاری لەنێوان میسی و كریستیانۆ شتێكی بابەتیانە نییە ، لەبەر ئەوەی هەروەك چۆن لە یاری باسكە ناكرێت بەراورد لەنێوان ستیڤن كاری یاریزانی گۆڵدن ستەیت ووریورز ، لیبرۆن جەیمس یاریزانی لۆس ئەنجلۆس لیكەرز بكرێت ، لەبەر ئەوەی هەریەكەیان رۆڵێكی جیاواز لە ئەوەی تریان دەگێڕێت و هەر یەكەیان كەسایەتییەكی جیاوازتری هەیە. وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی