بەغدا موچەی مانگی 4 دەنێرێت.. هەولێر موچەی مانگی 1ی بەتەواوی دابەشنەكردووە

عیراق

17/04/2019‌ 2150 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی بەغدا موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، لەكاتێكدا حكومەتی هەولێر تائێستا هەولێر موچەی مانگی 1ی بەتەواوی دابەشنەكردووە.

كاوە محەمەد پەرلەمانتاری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە، لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستەی جوتیاران، درەنگانی شەوی رابردوو لەگەڵ فوئاد حسێن) وەزیری دارایی عیراق قسەمانكرد و روونیكردەوە، كە جگە لەوەی موچەی تەواوی مانگەكانی (١، ٢، ٣) بۆ هەرێم نێردراوە، وتی: ئیمزام لەسەر ناردنی موجەی مانگی چواریش كردووە و سبەی (واتە ئەمڕۆ چوارشەممە) بۆ هەرێم دەنێردرێت".

كاوە محەمەد بڵاویشیكردەوە، بۆ عەیبەیەكی گەورەیە بۆ حكومەتی هەرێم، كە تا ئێستا موچەی مانگی (١)یشی دابەش نەكردووە و لەملا و ئەولاش لێدوانی چەواشەكارانە دەدرێت، كە گوایە پارە لەبەغداوە نەگەیشتووە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، كە لەبارەی شایستە داراییەكانی جوتیارانیش داوام لێكرد، لەگەڵ وەزیری بازرگانی و سەرۆك وەزیران ئە پرسە یەكلابكەنەوە و ئەو پارەیەی بۆ قەرزی ساڵەكانی (٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦) تەرخانكراوە، بۆ جوتیارانی هەرێم سەرف بكرێت و چیتر دەستی دەستی بە جوتیارانی هەرێم نەكرێت، ئەویش بەڵێنی دا كاری لەسەر بكات و وتی: سبەی هاوسەفەری سەرۆك وەزیران دەبم بۆ سعودییە و لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵ دەكەم.

هـ ـ ح