جڤاتى نیشتیمانى بڕیار دەدات... گۆڕان لەبارەى کاندیدییەکانییەوە رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

کوردستان

17/04/2019‌ 1385 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، ئەو لیست و ناوانەى وەک کاندیدى گۆڕان بۆ پۆستە وەزارییەکان بڵاو دەکرێنەوە راى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕان نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوەو تیایدا رایگەیاندوە، ماوەیەکە کەناڵەکانى راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لیست و ناوى جۆراوجۆر بڵاودەکەنەوە، بەناوى ئەوەى ئەو ناوانە کاندیدى گۆڕانن بۆ پۆستە وەزاریەکان، بەڵام هەرچى ناوى لەم جۆرە بڵاوبوەتەوە لە رابردودا، راى فەرمى بزوتنەوەى گۆڕان نییە.

 

بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس کاندیدى پۆستەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەکابینەى حکومەتدا یەکلاییکراونەتەوە، بەڵام تەنیا پشتیوانى و متمانەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕانى ماوە.

 

هەروەها ئەو کاندیدانەش بریتین لە مستەفا سەید قادر، ئاوات شێخ جەناب، دانا عەبدولکەریم، کوێستان محەمەد، سەردار قادر، بەڵام جگە لە مستەفاى سەید قادر، سەرجەم ناوەکانى تر لەبەرامبەردا رکابەریان هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەیان پێویستى بە بڕیارى جفاتى نیشتیمانییە. 

 

بزوتنەوەى گۆڕان لە مانگى رابردوودا لەگەڵ پارتى گەیشتنە رێکەوتن لەبارەى پێکهێنانى حکومەت کە بەپێى رێکەوتنەکە گۆڕان جێگرى سەرۆکى هەرێم و پێنج وەزارەت و ژمارەیەک پۆستى دیکەى پێ دەدرێت.

س.هـ