گۆڕان بە مەرج بە دانانى جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم رازییە

کوردستان

17/04/2019‌ 4482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژى فەرمى پارتى دیموکراتى کوردستان رایدەگەیەنێت، وەک پارتى کۆبوونەوەیان لەناوخۆیاندا کردوەو کێشەیان لەسەر زیادکردنی جێگر یان نەبوونی جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە.


مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند،"مەکتەبی سیاسی پارتی بە ئامادەبوونی کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسروور بارزانی کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئێمە کێشەمان لەسەر زیادکردنی جێگر یان نەبوونی جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە، ناشمانەوێ بۆچوونی خۆمان فەرزبکەین".

 

وتەبێژى پارتى بۆ کەناڵى رووداو جەختی لەوە کردوەتەوە، یەکێتی و گۆڕان دەبێ لەوە تێبگەن کە چیدیکە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە بەرژەوەندی کوردستاندا نییە.

 

هەروەها کەناڵەکە ئاماژەى بەوەشکردوە، گۆڕان بە مەرج رازییە جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم زیاد بکرێت بەو مەرجەى جێگرى یەکەم بۆ گۆران بێت و دەسەڵاتەکانى جێگرى دووەم تەنیا ئیدار بن.

 

سەرەتاى ئەم مانگە بە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى پارتى و یەکێتى لەبارەى پۆستەکانى حکومەت و پشکى یەکێتى لەو کابینەیە گەیشتنە رێککەوتن، بەڵام لەئێستادا بەهۆى نارازیبوونى گۆڕان لە زیادکردنى جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم پێکهێنانى حکومەت ئەوەندەى تریش دواکەوت.

س.هـ