گرنگی ئاینی كڵێسای نۆتردام بەلای پەیڕەوانی كاسۆلیكی

جیهان

18/04/2019‌ 964 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیمەنی گڕگرتنی كڵێسای مێژوویی نۆتردام لەپاریس شۆكێكی گەورەی لەجیهاندا دروستكرد و مەترسی و دڵەراوكێشی لەسەر ئەو شوێنەوارە مێژووییە لێكەوتەوە، كە بەدرێژایی چەندین سەدە پارێزراو بووە .

كڵێساكە جگە لەگرنگییە مێژوویی و رۆشنبیرییەكەی ، بەوەش جیادەكرێتەوە، كە لەلیستی كەلەپووری رۆشنبیری یونسكۆ  تۆمار كراوە بەوەی لای مەسیحییەكان بەگشتی و لای كاسۆلیكەكان گرنگییەكی گەورەی هەیە ، ئەوە سەرباری ئەوەی گەلێك لەپیرۆزییە مەسیحییەكانیشی تێدا هەڵگیراوە .

یەكێك لەگرنگترین ئەو پیرۆزیانە بریتییە لەتاجەگوڵینەی دڕكاوی، كە مەسیحییەكان پێیانوایە لەكاتی لەخاچدانیدا كراوەتە سەر سەری مەسیح.

باڵدوینی دووەم ئیمپراتۆریلاتینی لەساڵی ١٢٣٨ تاجە دڕكاوییەكەی داوەتە لویسی حەوتەم پاشای فەرەنسا، پاشا لویسیش لەپێناو پاراستنی تاجەگوڵینە دڕكاوییەكە دا كەنیسەی سانت شابیلی لەدورگەی سیتی لەسەر رووباری سین بنیادنا، كە تا سەرهەڵدانی شۆڕشی فەرەنسی لەسەدەی ١٨ لەوێدا مایەوە .

لەكاتی رووداوەكانی شۆڕشی فەرەنسیدا تاجەكە گوسترایەوە بۆ كتێبخانەی نیشتمانی فەرەنسی، لەساڵی ١٨٠١یش گەڕێنرایەوە بۆ كەنیسە كاسۆلیكییەكە ، لەوكاتەوە تاجە گوڵینە دڕكاوییەكە لەناو كڵێسای نۆتردام پارێزراوە .

لەكاتی ئەو ئاگرەی لە ١٥ی نیسان لەكڵێساكە كەوتەوە ، قەشە جان مارك فورنییە توانی تاجەكە لەسووتان دەرباز بكات .

یەكێكی تر لەو پیرۆزییە مەسیحییەی لەناو كڵێساكە پارێزراوە بەشێك لەوەی پێیدەوترێت، "خاچی راستەقینە" واتە ئەو خاچە راستەقینەی، كە مەسیحی پێ لەخاچ دراوە .

مێژوونووسە یۆنانییە كۆنەكان دەڵێن، كە هێلینا دایكی ئیمپڕاتۆر قوستەنتینی رۆمانی لەكاتی گەشتێكیدا بۆ زەوییە پیرۆزەكان لەفەلەستین ئەو خاچەی ئاشكرا كردووە ، خاچەكەش لەكڵێسای قیامە لەقودس هەڵگیراوە، بەڵام دواتر خاچەكە شكاوەو لەسەدەكانی ناوەراستیشدا بەشەكانی بەسەر حاكم و دێر و كڵێساكانی ئەوروپادا دابەش كراوە .

بەشێكی خاچەكەش، كە بە قەبارەی ٢٣٧ هەزار و ٧٣١ میلیمەتر لە كڵێسای نۆتردام دانراوە، سێیەم شوێنەواری مێژوویی گرنگ لەناو كڵێساكە بریتییە لەیەكێك لەو بزمارانەی مەسیحی پێ لەخاچ دراوە ، كە مەسیحییەكانی قودس داویانەتە ئیمپڕاتۆر شارلمانی دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی پیرۆز لەساڵی ٧٩٩ زاینی .

ئەو شوێنەوارە پیرۆزانە هەزاران گەشتیاریان  بۆخۆیان  رادەكیشا، كە بۆ نوێژكردن  روویان دەكردە  كڵێسای نۆتردام .

پیاوانی ئاگركوژێنەوەی فەرەنسی توانیان گرنگترین پیرۆزییە مەسیحییەكان لەناو كڵێساكە لەسوتان رزگار بكەن ، ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بەڵێنی ئەوەیدا كە كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی كڵێساكە بكەن ، بۆ ئەوەش پێشبینی كرد كە ماوەی پێنج ساڵ بخایەنێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە