ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی دەیانەوێت لەدورگەیەك بەتەنیا بژین

هەمەڕەنگ

18/04/2019‌ 957 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆ یەكەم جار لە مێژوودا، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی، لە هەموو تەمەنەكان و لە هەموو شوێنەكانی دونیا، دەیانەوێت لە دورگەیەك بە تەنیا بژین.

ئیریك كلینەنبێرگ شاعیری یۆنانی تیۆقیتۆس دەڵێت: "مرۆڤ بۆ ئەوەی بژی، هەمیشە پێویستی بە مرۆڤێكی ترە"، هەروەها فەیلەسوف و ئیمپراتۆری گەورەی ڕۆمانی ماركۆس  ئۆریلیۆس دەڵێت: "مرۆڤ حەیوانێكی كۆمەڵایەتییە".

لەگەڵ ئەمەشدا، ئێستا خەڵكی لە هەموو دونیاوە چەند جۆرە ژیانكردنێكی نامۆ هەڵدەبژێرن كە پێشتر تاقینەكراونەتەوە لەوانە: (ژیانكردن وەكو گورگ) و (ئازادكردنی رۆح) یان ( بە تەنیا ژیان).

لە ساڵی 1950 لە سەدا 22 ی پێگەیشتوانی ئەمریكا هاوسەرگیرییان ئەنجام نەدابوو هەروەها 4 ملیۆن كەس بە تەنها دەژیان.

لە ساڵی 2012 ڕێژەی ئەو كەسانەی كە لە ئەمریكا هاوسەرگیرییان ئەنجام نەداوە بوو بە لە سەدا 50 و ڕێژەی ئەو كەسانەی كە بە تەنها دەژیان بوو بە 31 ملیۆن كەس.

لە ساڵی 2012 لە سەدا 60 ی خێزانەكانی ستۆكۆڵم تەنها یەك كەس كاری دەكرد.

لە ویلایەتە یەكگرتووەكان 17 ملیۆن ژن و 14 ملیۆن پیاو بە تەنها دەژین، كە زۆرینەیان تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 60 ساڵیدایە.

لە ساڵی 1950، 500000 هەزار گەنج بە تەنها دەژیان كە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 30 ساڵیدا بوو.

لە 2012، 5 ملیۆن گەنج كە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵیدابوو بە تەنها دەژیان.

چوار وڵات زۆرترین ڕێژەی ئەو كەسانەیان هەیە كە بەتەنها دەژین ئەوانیش: (سوید، نەرویج، فیرلەندا، دانیمارك)، لە سەدا 40 بۆ 45 ی ئەم وڵاتانە خێزان لە یەك كەس پێكدێت.

لە ساڵی 1996، لە جیهاندا 153 ملیۆن كەس بە تەنها دەژیان.

لە ساڵی 2006 ڕێژەكە بوو بە 202 ملیۆن كەس كە بەرزبوونەوەی لە سەدا 33 بوو.

لەم ئامارانەوە پرسیارێك دێتە پێشەوە: بۆچی بەندینخانەكان كە سزای تاوانبارێك دەدەن دەیكەنە ژووری تاكە كەسییەوە، لە كاتێكدا كە زۆرینەی مرۆڤەكان بە تەنیا دەژین ؟ یاخود هۆكار چییە كە خەڵكی هەمیشە بەرەو تەنیایی ڕادەكەن ؟

لە ئەدەبدا، هەر ڕۆمانێك باسی تەنیایی بكات، تەنیاییەكی جەستەیی یاخود دەروونی، یان باسی پیاوێك بكات كە لە دورگەیەك بە تەنیا دەژی و شوێنپێی كەسێك لە قەراغ دەریا دەبینێت، لە بنەڕەتدا ڕۆمانێكی ترسناكە.." دەیڤد پۆتەر

ئابوریناسی نەمسایی جۆزیف شۆمپیتەر زوو هەستی بە لێكترازانی خێزانەكان كرد و بە كەوتنی (خێزانی بۆرژوازی) ناوی برد، كە تێدا تاكەكان دەیانەوێ دوور لە نەریت و ئایین و خێزان، بە تەنیا چێژ لە بیركردنەوە ببینن و ئازادانە ویستەكانیان مومارەسە بكەن.

ئێستا لە سەردەمێكدا دەژین كە كۆمەڵناسی فەڕەنسی ئیمیل دۆركهاییم بە (تاك پەرستی) ناوی دەبات كۆمەڵگا بە دەوری خولیای تاكایەتیدا دەسوڕێتەوە و هەمووان بە گشتی دەڵێن: من من من.. 

كۆمەڵناسی ئەڵمانی ئۆڵتریش بیك دەڵێت: ئەم سەردەمە سەردەمی ( خۆپەرستیی _ انانیە)ە كە لە هەموو كایەكانی ژیاندا (خود سەنتەرە) ئەوەی كە تاك هەمیشە دەیڵێتەوە ئەوەیە: (وێنەكانم)، (بەهرەكانم)، (پۆستەكانم لە فەیسبوك)، (كارەكەم) و هتد.... و تاك گرنگی بە (نیشتیمان، خێزان، ئایین)نادات.

لایەنێكی گرنگی ئەم گۆڕانكارییە لەكۆمەڵگە ئەوەیە كە دەرفەتێكمان دەداتێ بۆ بیركردنەوە لە خۆمان و گەڕان بەدوای كامڵ بوون و بەختەوەری، ئەویش لە چەند خاڵێكدا كۆ دەكەینەوە.
1-تەنیایی یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی خود: تەنیایی یارمەتیدەرێكی باشە بۆ دۆزینەوەی خود، هەموو كەسێك لە رێی تونیاییەوە دەتوانێ خاڵە بەهێز و لاواز وهێزە ناوەكییەكانی خۆی بدۆزێتەوە تا لە رێیەوە ژیانی خۆی و ئەوانی تر باشتر بكات
2-تەنیایی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی كاری ڕۆژانە ماندوومان نەكات: تەنیایی یارمیتیدەرە بۆ ئەو كەسانەی كە ڕۆژانە زۆر كار دەكەن تاكو لەژێر باری ئەو كارانەدا تێكنەشكێن، بە تایبەتی ئەو كەسانەی كە هەستیار و خاوەن سۆزن، ئەگەر بێت و بەشێكی رۆژەكەیان تەنیا نەبن، ئەوا كاركردن وا دەكات تووشی نەخۆشی جەستەیی و دەرونی بن
3-تەنیایی یارمەتیدەرە بۆ داهێنان: تەنیایی كا و ئازادیمان پێدەدات تا بەهرەكانمان بدۆزینەوە و كاریان لەسەر بكەین، زۆربەی داهێنەران و نوسەران و هونەرمەندە گەورەكانی دونیا، بە نزیكەیی بەردەوام تەنیا بوون
4-تەنیایی یارمەتیدەرە بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی قوڵتر: كاتێك كە تەنیاین، زۆرتر كاتمان هەیە تا بیر لە گرفتی هاورێ و دەوروبەرەكانمان بكەینەوە و بتوانین لە گرفت و ئازارەكانیان تێبگەین، بێگومان تێگەیشتن لە كەسانی تر، پەیوەندی قوڵ و تۆكمە دروست دەكات
5-تەنیایی وا دەكات زیاتر قەدری خەڵكی بگرین: كاتێك بە تەنیا دەژیت، زۆرتر قەدری ئەو كەسانە دەگریت كە سەردانت ئەكەن و هەمیشە چێژ لە تێكەڵاوییان دەبینی
6-تەنیایی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەمیشە كەسێكی خۆشەویست بیت: یاسایەكی ئینسانی هەیە، هەتا زۆرتر دورتربی لە هاوڕێ و خێزانەكەت، زیاتر خۆشەویست ئەبیت و گوێت بۆ دەگرن، ئەوەی كە درەنگ درەنگ كەسانی دەوروبەرت ببینی وا دەكات زیاتر سەنگینتر بیت

سەرچاوە: truth theory.com
وەرگێڕان: رەنج رەسول رەزا