شارپرێس:
لێكۆڵینەوەیەكی نوێی سویسری ئەوەی ئاشكراكردووە، كە ئەو بەكتریایەی لەناو ڕیشی پیاواندایە زۆر زیاترە لەوەی لەتووكی سەگدا هەیە .
لێكۆڵینەوەكە زانایانی نۆڕینگەی Hirslanded" ی سویسری پێیهەستاون و تاقیكردنەوەیان لەسەر ڕیشی ١٨ پیاو و تووكی ٣٠ سەگ كردووە ، لەئەنجامدا دەركەوتووە كە ئەو بەكتریایەی دەگوترێت لە سەگدا هەیە و مەترسی لەسەر تەندرووستی مرۆڤ درووست دەكات ، نیوەی ئەوەیە كە لە ڕیشی پیاوەكاندا هەبووە .
لەهەمان كاتدا دەركەوتووە كە ئاستی بوونی بەكتریا لە ریشی هەموو پیاوەكاندا بەرز بووە ، بەڵام تەنیا تووكی ٢٣ سەگیان بەئەو بەكتریایە پیس ببوو .
پرۆفیسۆر ئەندریاس گۆتزیس دەڵێت " توێژەرەكان بۆیان دەركەوتووە ، ئەو سامپڵانەی لە ریشی پیاوەكان وەریان گرتووە بەكتریایەكی زۆرتری پێوە بووە بە بەراورد بە ئەو سامپڵانەی لە هی سەگەكان وەرگیراوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە زۆر گرنگە ، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت لێكۆڵینەوەكە بچووكە و پێویستە لە ئایندە لێكۆڵینەوەی تر لەسەر ئەو بابەتە بكرێت .
هەروەك چۆن لەم دواییانە لێكۆڵینەوەیك ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە ریش وەك پارێزەرێك وایە بۆ پاراستنی پیاوان لە تیشكی سەروو بنەوشەیی ، وە لێكۆڵینەوەیەكی تر گوتبووی ریش پیاوان زیاتر سەرنجڕاكێش دەكات.
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی