سلێمانی.. دەستگیركردنی ٤٠ بازرگان‌و بەكارهێنەری ماددە هۆشبەر

کوردستان

18/04/2019‌ 1244 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەلایەنی كەم ٤٠ كەسیان دەستگیر كردووە كە بە بەكارهێنان یان بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان تێوەگلاون  ، كە لەناویاندا ژنیش هەیە .

عەمید جەلال ئەمین بەگ بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: "لەسەر بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو ماددە هۆشبەرەی دەستی بەسەردا گیراوە و خۆی لە تریاك و حەشیش و شیشە و هیرۆیین دەبینێتەوە سووتێنران ، ئەوە جگە لە نزیكەی ملیۆنێك دەنكۆڵەی " ترامادۆڵ " و هەزاران دەنكۆڵەی " شیشە" .

عەمدید جەلال ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە سەرجەم ئەو ماددانەی ئەمرۆ لەناوبراون ساڵی پار دەستیان بەسەردا گیراوە ، بەڵام بۆ لەناوبردنیان ئەمرۆ فەرمانی دادوەریان بۆ دەركراوە.

سەبارەت بە دوا ئاماری ئەو كەسانەی لەسەر خواردن و بازرگانیكردن بەو ماددەیە دەستگیر كراون ، عەمید جەلال گوتی " هێزەكانی ئاسایش لەسەرەتای ئەمساڵدا نزیكەی ٤٠ كەسیان دەستگیر كردووە كە بەداخەوە ئافرەتیشیان لەناودایە .