لایەنەكان رێكدەكەون.. دەنگ لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەدرێت

کوردستان

18/04/2019‌ 1228 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چاوەڕوان دەكرێت تا هەفتەی داهاتوو لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن، دوای ئەوەش پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەمواردەكرێتەوە.

سوسەن محەمەد میرخان، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، بڕیار بوو هەفتەی رابردوو پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە، بەڵام لەنێوان هەندێك لایەندا كێشە هەبوو، بە تایبەتی لەسەر جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم، بۆیە بە پێویستمان زانی، كە دانیشتنی پەرلەمان دوا بخرێت تا لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن، ئەگەری زۆریش هەیە لایەنەكان هەرچی زووە بگەنە رێككەوتن و هەفتەی داهاتوو پەرلەمان كۆببێتەوە و یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان وتیشی: وەكو پەرلەمان زۆر جەخت لەوە دەكەینەوە و داواشیان كردووە، كە هەرچی زووە لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن بۆ ئەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوە، چونكە تا حكومەت پێك نەیەت، "ئێمە وەكو پەرلەمان ناتوانین چاودێریی كاروبارەكانی حكومەت بكەین، لەگەڵ ئەوەی، دواخستنیشی جێگەی نیگەرانیی خەڵكی كوردستانە، كە چەندین مانگە هەڵبژاردن كراوە و تا ئێستا حكومەت پێك نەهاتووە، بۆیە مافی خەڵكە، كە داوا بكات هەرچی زووە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم هەموار بكرێتەوە، چونكە ئێمە نەمانتوانیوە وەكو پێویست كاری خۆمان بكەین، بۆیە پێمان باشە و داوامان كردووە كە بە زووترین كات یاساكە هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەوەی حكوومەت پێك بێت و ئێمەش وەكو پەرلەمانتاران بتوانین كاری خۆمان بكەین و بەدواداچوون بۆ پڕۆژە و كارەكانی حكوومەت بكەین".

هـ ـ ح