پارتى ئامادە نییە رێکەوتنەکەى لەگەڵ یەکێتى واژۆ بکات

کوردستان

18/04/2019‌ 3930 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگرى سکرتێرى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایدەگەیەنێت، وەک یەکێتی ئامادەن رێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتى واژۆ بکەن هەر کاتێک پارتى ئامادە بێت.

زوبێر عوسمان جێگرى سکرتێرى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى بە شارپرێسى راگەیاند، پێشتر رێکەوتنى سیاسى لەنێوان یەکێتى و پارتیدا کراوە ئێستاش ماوەتەوە رێکەتنە ئیدارییەکە کە لەسەر پشک و بەرکەوتەکانە واژۆ بکرێت، ئێمە وەک یەکێتی ئامادەین هەر کاتێک واژۆى بکەین کە پارتى ئامادە بێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، پارتى ئامادە نییە رێکەوتنەکە واژۆ بکات ئەویش لەبەر خۆی نا، بەڵکو بەوتەى ئەو لەبەر ئەو رێکەوتنەى پێشتر لەگەڵ گۆڕان کردویەتى.

جێگرى سکرتێرى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى رونیکردەوە، پێشتر پارتى و گۆڕان رێکەوتوون جێگرى سەرۆکى هەرێم بۆ گۆڕان بێت، بەڵام بەپێى پڕۆژە یاساى هەموارى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم جێگرى دووەمیش هەیە.

هەروەها زوبێر عوسمان جەختیش دەکاتەوە ئەوان ئێستا هێزى دووەمن لە هەرێمى کوردستاندا، بۆیە پێیوایە ئەگەر سەرۆکى هەرێم لاى یەکێتى نەبێت دەبێت بە دڵنیاییەوە جێگرەکەى بۆ حزبەکەى بێت.

ناوبراو دەشلێت، ئەو کێشەیە پەیوەندى بە یەکێتى نییەو حزبەکەى لە هاوکێشەکە چووەتە دەرەوە، بەڵکو دەبێت پارتى و گۆڕان چارەسەرى کێشەکەیان بکات و یەکلایى بکاتەوە.

سەبارەت بە داواکارییەکى گۆڕان کە داواى جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى حکومەت دەکات، زوبێر عوسمان وتى" ئەمە پەیوەندى هەیە بە هەموارکردنەوەى یاساوە، ئێمە لەگەڵ پارتى وا رێککەوتووین کە سەرۆکى حکومەت بۆ پارتى  بێت و جێگرەکەشى بۆ یەکێتى و یەک جێگرى هەبێت".

هاوکات باس لەوە دەکات ئەوەى گرنگە بەلاى یەکێتییەوە سەرۆکى حکومەت یەک جێگرى دەبێت و ئەویش لاى حزبەکەى دەبێت.

لەبارەى کاندیدەکانى یەکێتى بۆ کابینەى نوێى حکومەت، جێگرى سکرتێرى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى، ئەوەى خستەڕوو، ئەو پۆستانەى یەک کاندیدیان هەیە ئەوە یەکلایی بووەتەوەو ئەوەى دوو کاندیدیشى هەیە لە ئەنجومەنى سەرکردایەتى بە دەنگدان یەکلایى دەکرێتەوە.

لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان جێگرى سکرتێرى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى دەلێت، لەگەڵ گۆڕان لەیەک جوگرافیاى هاوبەشدا دەژین و مێژوویەکى هاوبەشمان هەیە، لەگەڵ گۆڕان نەکەوتووینەتە سەنگەر لەیەکگرتن و دژایەتیکردن، بەڵکو ئەمە ململانێی سیاسیە.

پەیوەست بە دۆخى ناوخۆى یەکێتى و بەستنى کۆنگرەى حزبەکەى زوبێر عوسمان رایگەیاند، کۆنگرە زۆر دوا کەوتووە هیچ بیانویەک نەماوە بۆ دواکەوتنى، ئەمانەوێ ئەمساڵ کۆنگرەى یەکێتى ببەستین و دوا نەکەوێت، هەموو ئامادەکارییەکیشیمان کردوە.

هەروەها ناوبراو باس لەوە دەکات رەشنوسى کۆنگرەیان ئامادە کردوەو پەیکەرى حزبەکەشیان گۆڕیوە بە فۆرمێکى نوێى حزبى، جەخەتیش دەکاتەوە راى زۆرینەى یەکێتى وایە کە ئەمساڵ کۆنگرە بکرێت.
س.هـ