بەپۆستى تر قەربوو دەکرێتەوە.. پارتى بۆ دانانى جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم گۆڕان رازى دەکات

کوردستان

18/04/2019‌ 5869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر پرسى سەرۆکایەتى هەرێم رێکەوتن و گۆڕان رازییە بە دانانى جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم.

 

بەپێى چەند زانیارییەک کە لەسەرچاوەیەکى پارتییەوە دەست شارپرێس کەوتووە رۆژى چوار شەممە پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر زیادکردنى جێگرێک بۆ سەرۆکى هەرێم رێککەوتوون و گۆڕان رازییە جێگرێک بۆ سەرۆکى هەرێم زیاد بکرێت و بدرێت بە یەکێتى.

 

بەپێى ئەو زانیاریانە لەبەرامبەر رازیبوونى گۆڕان بە زیادکردنى جێگرێک بۆ سەرۆکى هەرێم پارتى چەند داواکارییەکى گۆڕانى قبوڵکردوە کە یەکێک لەوانە پرسى چاکسازى لەماوەى کەمتر لە شەش مانگ جێبەجێ بکرێت و لەپەرلەمانیش بکرێت بە یاسا بەتایبەت چاکسازیکردن لە یاساى خانەنشینى.

 

هەروەها دەسەڵاتەکانى جێگرەکەى گۆڕان کەم نەکرێتەوەو نەدرێت بە جێگرى دووەم هاوکات پارتى چەند پۆستێکى تر بداتە گۆڕان کە لەخوار بریکارى وەزیرەوە بن، لەبەرامبەریشدا پارتى بەو داواکارییە رازى بووە.

 

بڕیارە هەفتەى داهاتوو پارتى و یەکێتى رێکەوتنەکەیان واژۆ بکەن و پەرلەمانى کوردستانیش پڕۆژەى هەموارى یاسای سەرۆکایەتى هەرێم کە خوێندنەوەى دووەمى بۆ کراوە پەسند بکات، هاوکات سەرۆکى هەرێمیش لە هەفتەى داهاتوو هەڵبژێردرێت.

 

بەپێى وتەى ئەو سەرچاوەیە لەدواى هەموارکردنەوەى یاسایى سەرۆکایەتى هەرێم و هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەپەرلەمان هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەت لەماوەى ١٥ رۆژدا تەواو دەکرێن و حکومەت پێکدەهێنرێت.

 

مانگى رابردوو پارتى دیموکراتى کوردستان کە براوەى دووەمى هەڵبژاردنە لەگەڵ یەکێتى و گۆڕان بۆ پێکهێنانى حکومەت رێککەوت، پارتى لە ٥/٣/٢٠١٩ لەگەڵ یەکێتى رێکەوتنێکى سیاسى واژۆکردو گۆڕانیش لە ١٨/٣/٢٠١٩ رێکەوتنێکەى لەگەڵ پارتى واژۆکرد، بەڵام لەبارەى پستەکانەوە تائێستا ناکۆکی لەنێوانیاندا هەیە بەو هۆیەشەوە پێکهێنان حکومەت زیاتر لە شەش مانگە دواکەوتووە.

س.هـ