پاریس پشتگیری رۆژئاوای كوردستان دەكات
كۆبوونەوەی ماكرۆن و شاندی شەرڤانان توركیای تووڕە كردووە

کوردستان

20/04/2019‌ 1928 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی پێشوازیكردن لەشاندێكی  كوردانی سوریا، حكومەتی توركیا زۆر بەتوندی رەخنەی لەئیمانوێڵ ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا گرت .

هامی ئەكسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، زۆر بەتوندی سەركۆنەی پێشوازیكردنی ئیمانوێڵ ماكرۆن دەكەین لەو شاندەی پێیان دەوترێت هێزەكانی سوریای دیموكرات.

رۆژی هەینی سەرۆكی فەرەنسا پێشوازی لەشاندێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات كرد، كە شەڕی رێكخراوی داعشیان كردووەو پاریسیش پشتیوانی خۆی دووپاتكردەوە لەهاوكاریكردنیان بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە.

سەرۆكایەتی فەرەنسا لەو بارەوە رایگەیاندووە، ماكرۆن بە نوێنەرانی هێزەكانی سوریای دیموراتی راگەیاندووە، پاریس بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی ئەو هێزانە لە رووبەرووبوونەوەی ڕێكخراوی داعش، كە هێشتا مەترسییە لەسەر ئاسایشی هەموو لایەك ، بەتایبەت لە ئیدارەكردنی دەستگیركراوانی داعش و خیزانەكانیان .

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی فەرەنسا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە وڵاتەكەی بەئامانجی پڕكردنەوەی پێداویستییە مرۆییەكان و سەقامگیری ئابووری و كۆمەڵایەتی دانیشتوانە مەدەنییەكەی،  یارمەتی دارایی پێشكەش بە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان دەكات .

هەر لە دیدارەكەدا ماكرۆن رایگەیاندووە، فەرەنسا خەمی ئاسایشی توركیاشییەتی و دەیەوێت ئەو گرژییەی لەسەر سنووری توركیا و سوریا هەیە كۆتایی پێبێت .

چەندین جاریش توركیا هەرەشەی ئەوەی كردووە، كە بەئامانجی دوورخستنەوەیان لەسەر سنووری توركیا پەلاماری هێزەكانی سوریای دیموكرات دەدات.

لەوكاتەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاندووە، دەیەوێت هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا بكێشێتەوە ، تائیستا چارەنووسی ئەو هێزە كوردییە دیار نییە كە شەڕی تیرۆریستانی داعشی كردووە و شكستی پێهێناون.

لەرۆژی ٢٣ی مارس هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆتایی خەلافەتی داعشیان راگەیاند ، ئەو خەلافەتەی ڕێكخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر رووبەرێكی فراوانی خاكی سوریا و عێراق رایگەیاندبوو .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی