دەبێت ئەركەكەی تەواو بكات.. ئەمریكاو ڕوسیا گڵۆپی سەوز بۆ حەفتەر هەڵدەكەن

جیهان

20/04/2019‌ 4620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ڕوسیا گڵۆپی سەوزیان بۆ خەلیفە حەفتەر هەڵكردووە، كە بەزوویی ئەركەكەی لەلیبیا تەواوبكات.

دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا رۆژی هەینی لێڵی هەڵوێستی ئەمریكای ڕەواندەوە سەبارەت بەئەوەی لە پایتەختی لیبیا و دەوروبەری ڕوو دەدات، ئەمەش بە ئاشكراكردنی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان خۆیی و خەلیفە حەفتەری سوپاسالاری لیبیا . 

كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، كە ترامپ رۆژی دووشەممە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە حەفتەرەوە كردووە و باسی كۆششەكانی ئێستای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لیبیایان كردووە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ترامپ ڕۆڵی حەفتەر‌ی سوپاسالاری بەرزنرخاندووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی دەرامەتە نەوتییەكانی لیبیا، تاوتوێی دیدگایەكی هاوبەشیشیان كردووە سەبارەت بە گواستنەوەی لیبیا بەرە و سیستەمێكی دیموكراسی سەقامگیر.

بەیاننامەكەی كۆشكی سپی هەڵوێستێكی یەكلاییكەرەوەشی هەبوو له ‌بەرامبەر لایەنە ناكۆكەكان، كارە گرنگەكە ئەوەیە كە هەڵوێستی واشنتۆن تەرازووی هێزەكانی بەشێوەیەكی جۆری گۆڕی، ئێستا ڕوون و ئاشكرایە سەرۆكی سوپای لیبیا پشتیوانی ڕوون و ئاشكرای ئەمریكا و ڕوسیا و فەڕەنسای هەیە، ئەمە جگە لە ئامێزێكی گەرمی عەرەبی بەرفراوان كە چەند دەوڵەتێكی كاریگەر پشتیواننی و میسریش یەكێك لەو دەوڵەتانە. 

چاودێران ئاماژەیان بەوەداوە ڕوونی هەڵوێستی ئەمریكا و ڕوسیا گڵۆپی سەوزە بۆ حەفتەر بەوەی زۆر گرنگە ئەركەكەی زووبەزوو تەواو بكات كە ئازادكردنی تەڕابلوسی پایتەختی لیبیایە لەژێر چەپۆكی میلیشیاكان، وە ڕەواندنەوەی ترسی لیبییەكان لە مەترسییەكانی بەردەوامی دۆخیكی نالەبار لەسەر سنوری پایتەختەكەیان.

ئاماژە بەوەش دەدرێت كە چەند ڕۆژیكە هێزەكانی حەفتەر چنگیان لە دەروازەكانی تەڕابلوسی پایتەختی لیبیا گیركردووە، چاوەڕێی كاتی یەكلاییكردنەوەن كە فرمانی چوونە ناو شارەكەیان پێ بدرێت، هێزەكان لە گەڕەكەكانی باشووری تەرابلوس و بە دووری 11 كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەكە سەنگەریان گرتووە.

حەفتەر بە پەرۆشەوە سوودی لە گۆرانكاری زەوق و سەلیقەی نێودەوڵەتی وەرگرت بەوەی ڕایگەیاند كە هێزەكانی لە نزیكترین كاتدا كردە سەربازییەكانیان لە لیبیا كۆتایی پێدێنن، ئاماژەی بەو پەیوەندییە تەلەفۆنەشدا كە لەگەڵ وخەمیس جهیناوی وەزیری دەرەوەی تونس ئەنجامیانداوە و تیایدا دووپاتی كردۆتەوە كە لە نزیكترین كاتدا و لە زۆریك لە ناوچەكانی لیبیا كردە سەربازییەكانی كۆتایی پێدێنێت، ئەوەشی ڕوونكردەوە كە هێزەكانی دژ بە لایەنی چەكداری نانیزانی دەجەنگن كە بە ناهەق دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەكی پایتەختدا گرتووە.

چاوێران پێیان وایە گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریكا لەمەڕ دۆسییەی لیبیا لە چوارچێوەی پێكهێنانی تەورەبەندییەكی هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوە توندڕەووەكان و ڕێگەلێگرتنیان لەوەی شوێنپێی خۆیان لەناوچەكە قایم بكەن ، یان چەترێكی سیاسی بۆخۆیان دروست بكەن له دەروازەی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان یان هاوپەیمانییەتیكردن لەگەڵ هێزی دیكە بۆ حوكمڕانیكردنی لیبیا، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات خۆیان ساز و ئامادە بكەنەوە بۆ ئەنجامدانی دەستدرێژی یان بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندی و ئاسایشی دەوڵەتان.

چاودێران ئاماژە بەوەش دەدەن كە یەكلایینەكردنەوەی سەربازی دۆسییەكە، دۆخی ئەمنی و مرۆیی خراپتر دەكات، هەلیش بۆ ڕەووتە توندڕەووە تیرۆرستە‌كان دەڕەخسێنێت خۆیان پڕچەك و ساز و ئامادە بكەنەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆرستی چ لە لیبیا یان دەوڵەتانی دەوروبەر، ئاماژەشیان بەوە كردووە كە هۆشدارییەكانی دەوڵەتانی وەك بەریتانیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و غەسان سەلامەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارت بە مەترسی یەكلاییكردنەوەی سەربازی پشكدارییەكی كاریگەری دەبێت لە بوار ڕەخساندن بۆ میلیشیاكان، كە سوود لە كات وەرگرن و خۆیان سازدەن بۆ جەنگ، ئەمەش وادەكات هەر چارەسەرێكی ئایندە سەخت  دژوار بێت.
ڕۆژی دووشەممە نێردەی بەریتانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان پڕۆژە بڕیارێكیان بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی ئاستیشدا دابەشكرد و داواشیان لە هەموو لایەنەكان كرد هاریكاری كۆششەكانی غەسان سەلامە بن بۆ گەیشتن بە وەستاندنی تەواوی كردە سەربازییەكان لە هەموو خاكی لیبیا.

ڕۆژی 5 شەممەش نێردەی نێونەتەوەیی بۆ لیبیا بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاند كە سەرباری ئەو قەدەغەكردنەوەی بەسەر لیبیادا سەپاوە، كەچی لەم ماوەیەدا چەكێكی بێشومار گەیشتۆتە لیبیا. 

سەلامە پێشیوایە كە دابەشبوونە نێودەوڵەتییەكان هانی حەفتەریان داوە هێرشی سەربازی بكاتەسەر تەڕابلوس، ووتیشی "ئەو دابەشبوونانە بە ئەندازەی جەنگی لیبیا تووشی دڵەڕاوكێم دەكەن".

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشیش لە ڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی داخراوەوە گوێیان لە سەلامەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان گرت بۆ لیبیا.

نێردە نێونەتەوەییەكە بۆ لیبیا ئەوەشی گووت: " یەكبوونی خێزانی نێودەوڵەتی لەمەڕ لیبیا سەرتوێی و كاتی بوو، بەرژەوەندی دەوڵەتان لە لیبیادا هەیە، چونكە دەوڵەمە‌ندە بە نەوت و لیكی زۆرێك لە كۆمپانیاكانی ئاوەدانكردنەوە و نەوتییەكان دادەچۆڕێنێت".

چەند دبلۆماتكارێكیش باسیان لەوە كردووە ئەمریكا و ڕوسیا سەرلەنوێ ئەوەیان دووپات كردۆتەوە كە لە ئێستادا دژ بە پڕۆژە بڕیارەكەی بەریتانیان، بێ ئەوەی هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئەم هەڵوێستەیان بدەن بەدەستەوە. نوێنەری ڕوسیاش گووتی: "ئامادەی ئەو كارەنین"، نوێنەری ئەمریكاش گووتی: "نامانەوێت لە ئێستادا لەسەر ئە ڕێڕەوە ڕێ بكەین". 

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر