پێكهێنانی حكومەت زیاتر دوادەكەوێت
هیچ وادەیەك بۆ واژووكردنی رێككەوتنە نوێیەكەی پارتی‌و یەكێتی دیارینەكراوە

کوردستان

20/04/2019‌ 1665 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد
لەگەڵ ئەوەی 202 رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام هیچ وادەیەك بۆ راسپاردنی كاندیدی سەرۆكی حكومەتی نوێ‌ دیارینەكراوە، بۆ ئەوەی كابینەكەی پێكبهێنێت.

دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، بەهۆی نەگەیشتنە رێككەوتن لەنێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنە، كە بڕیارە كابینەی نوێ‌ بە بەشداری پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان پێكبهێنرێت.

نوێترین گرفتی بەردەم پێكهێنانی حكومەت، واژوونەكردنی رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانە لەنێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، كە تائێستا وادەیەك دیارنییە بۆ واژووكردنی ئەو رێككەوتنە.

سەرەتای ئەم مانگە پارتی ‌و یەكێتی گەیشتنە رێكەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێ‌، بەڵام رێككەوتنەكە تائێستا واژوونەكراوە.

لەبارەی كاتی واژووكردنی رێككەوتنەكە، شارپرێس پەیوەندی بە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی كردو لەلێدوانێكی وتی: تا ئەم ساتە هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ واژووكردنی ئەو ڕێككەوتنە.

لەتیف شێخ عومەر وتیشی: ئەوان وەك یەكێتی چاوەڕێی پارتین، بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ واژووكردنی رێككەوتنەكەی نێوانیان.

بەپێی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی، پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و پەرلەمان‌و شەش وەزارەت‌و دوو دەستەو چەند پۆستێكی تر بۆ یەكێتی دەبێت لەكابینەی نۆ.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلوولی رابردوو بەرێوەچوو، كە پارتی بە 45 كورسی براوەی هەڵبژاردنەكە بووەو یەكێتی بە 21 كورسی‌و گۆڕانیش بە 12 كورسی براوەی دووەم‌و سێیەمی هەڵبژاردن بوون.

هـ ـ ح