دوای تووڕەیی توركیا.. بەرپرسێكی كورد بەڵێنەكانی ماكرۆن ئاشكرادەكات

کوردستان

20/04/2019‌ 5455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەرپرسێكی باڵای كورد، كە لە كۆشكی ئیلیزێ بەشداری لە دیداری ئیمانوێڵ ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسای كردووە باسی لەوە كردووە ە سەرۆكی فەرەنسا بەڵێنی ئەوەی بە هێزەكانی سوریای دیموكرات داوە تاوەكو كۆتایی هاتنی یەكجارەكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردنی ئەو هێزانە و دەستەبەر كردنی كەشێكی گونجاو بۆ چارەسەری سیاسی لە سوریا و چەسپاندنی سەقامگیری  لە ناوچەكە .

بەدران چیا كورد ، بەرپرسی دیاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پێگەی " ئەلعەرەبییە نێت " باسی لەوە كردووە ماكرۆن بەڵێنی ئەوەیداوە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی سیاسییانەی ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاندووە، ئەو دیدارە لەسەر بانگهێشتی ماكرۆن بووە.

چیا كورد راشیگەیاندووە، ماكرۆن دوای دیدارەكە گەرەنتیداوە بە شاندی هاوبەشی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان، كە بودجەیەكی دارایی بۆ پشتیوانی كردنی مرۆییانەی ئیدارەی خۆسەری لە رپژئاوای كوردستان تەرخان كردووە ، ئەوە سەرباری پشتیوانیكردنی هەوڵەكان بۆ دادگایی كردنی چەكدارە دیلەكانی داعش لای هێزەكانی سوریای دیموكرات .

ئەو بەرپرسەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان هەروەها رایگەیاندووە، كە ماكرۆن باسی لەوە كردووە پاریس و واشنتۆن لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نیودەوڵەتیدا تەواوكەری یەكترن و ناكرێت فەرەنسا بەتەنیا هێزی لە سوریا هەبێت ، بەڵكو ئەوە پەیوەستە بە بوونی هێزی وڵاتانی تر لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ، چونكە هیچ دەوڵەتێك بەتەنیا ناتوانێت بەتەنیا بارەكە هەڵبگرێت .

ئەو بەرپرسە كوردە لە درێژەی قسەكانیدا ئاشكراشیكردووە، ماكرۆن زۆر تیشكی خستە سەر هەرەشەكانی توركیا لەسەر ناوچەكەمان ، ئیمەش پێمان گوت كە ئەو هەڕەشانە خزمەت بە سەقامگیری و چارەسەری سیاسییانە ناكەن و گەلێك مەترسییان بەدواوەیە .

چیا كورد ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە جگە لە ماكرۆن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەو بەرگریش بەڵێنی ئەوەیانداوە، كە هەوڵەكانیان چر دەكەنەوە تاوەكو ئەو گرژییەی لەنێوان ئەنقەرە و ئیدارەی خۆسەر هەیە نەیهێڵن.

بەپێی قسەی چیا كورد، ماكرۆن رایگەیاندووە، لە ئاستی هەڕەشەكانی توركیا تێدەگەین و بۆ ئەوەش بەشێوازی سیاسیانە هەوڵی چارەسەكردنیان دەدەین تاوەكو دەرفەتی هێرشێكی نوێ بۆسەر ناوچەكە نەڕەخسێت .

هەر لەو چوارچێوەیەدا چیا كورد رایگەیاندووە بەهۆی ئەوەی فەرەنسا دوای ئەمەریكا گەورەترین وڵاتی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە ، بۆیە دەكرێت ڕۆڵیكی ستراتیژیانەی هەبێت بۆ برواپێكردنی وڵاتانی تر تاوەكو بەردەوام بن لەسەر پشتیوانیكردنی رۆژئاوای كوردستان .

لەو گفتوگۆیانەدا شاندی ئیدارەی خۆسەر  باسیان لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكان لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق نەكردووە ، بەڵام بەقسەی ئەو بەرپرسە كوردە باس لەبابەتی شاری عەفرین كراوە كە زیاتر لە ساڵێكە لەلایەن سوپای توركیاو گرووپە تیرۆریستییە ئیسلامیەكانی سەر بە توركیاوە دەستی بەسەردا گیراوە ، لەو ڕووەسەوە سەرۆكی فەرەنسا نیگەرانی خۆی لەبارەی رەوشی عەفرین دەربڕیوە و گوتووشیەتی لەنزیكەوە چاودێری ڕەوشی شارەكە دەكەن و دەیانەوێت فرەرەنگی ئاینی و نەتەوەیی شارەكە پارێزراو بێت .

شاندی ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان كە جگە لە چیا كورد ، ساڵح موسلیم و ئیلهام ئەحمەد و  كینۆ كبرائیل وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیوموكرات و چەند كەسێكی تریان تێدا بووە بەڵینی ئەوەیان لە ماكرۆن پێگەیشتووە كە جگە لە پشتیوانی سیاسی بۆ ئیدارەی خۆسەر ، پشتیوانی سەربازی و مرۆیش بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات دابین دەكات .

لای خۆیشیەوە توركیا زۆر بەتوندی دژی ئەو دیدارە وەستایەوە ، هەر بۆیە هامی ئەكسۆی وتەبیژی وەزارەتی دەرەوە گوتی " سەرۆكۆنەی دیداری نێوان ئیمانوئیل ماكرۆن و ئەو شاندە دەكەین كە پێیان دەگوترێت هێزەكانی سوریای دیموكرات ".
    
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی