هەوڵێكی تری ئەردۆغان‌و ئاكەپە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن

جیهان

21/04/2019‌ 1862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێدەچێت رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار هێشتا بیرۆكەی ئەوەیان پێقبووڵ نەكرێت، كە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبوڵ دۆڕاون، ئەوەش دوای نزیكەی سێ هەفتە لەكۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكان .

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ ،  رۆژی شەممە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان و دووبارە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەئەستەنبوڵ دووەم داواكارییان پێشكەش كرد ، كە گەورەترین شاری توركیایە و ئەردۆغان لەنەوەدەكانی سەدەی رابردوو سەرۆكایەتی شارەوانی ئەو شارەی وەرگرت.

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە حیزبی دەسەڵاتدار داواكارینامەیەكیان پێشكەشی لیژنەی هەڵبژاردنەكان كردووە، كە تێیدا لیستێكی تایبەت بەدەنگدەرانیان خستووەتەڕوو، كە لەڕووی یاساییەوە لیستێكی شیاو نەبووە بۆ هەڵبژاردن ، ئەوەش لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ .

پارتی دادوگەشەپێدان لە داواكارینامەكەیدا دەڵێت: هەزاران كەس سەرەرای ئەوەی شیاوی دەنگدان نەبوون بەهۆی بڕیارێكی عكوومەتی پێشووتر ، بەڵام لە هەڵبژاردندا دەنگیانداوە .

عەلی ئیحسان یاووز یاریدەدەری سەرۆكی حزب باسی لەوە كردووە كە ١٤٧١١٢ دەنگ كە بەپێی بڕیارێكی حكوومەت پێشتر لە وەزیفەی گشتی دوورخراونەتەوە و شیاوی دەنگدان نەبوون ، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی ئیستەنبووڵ دەنگیانداوە.

داوكارییەكەی ئەم دواییەی پارتی دادوگەشەپێدان بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوە پیشان دەدات كە ئەو حزبە هێشتا فكرەی دۆرانی پێ هەزم ناكرێت و دەیەوێت لەپێناو مانەوەی ئیستەنبوڵ لەدەستی خۆیاندا پەنا بۆ هەموو شتێك بەرن .

پێشتریش ئەردۆغانی رایگەیاندبوو، پارتەكەی دەجەنگێت تا ئەوكاتەی لیژنەی هەڵبژاردنەكانی توركیا قسەی كۆتایی خۆی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئیستەنبووڵ دەكات 


ئەو لێدوانەی ئەردۆغان رۆژێك دوای ئەوە بوو كە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵی وەرگرت .

ئۆغڵۆ دوای ١٧ رۆژ لە تانەدان و دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان پۆستەكەی رادەستكرا .

لەسەر بنەمای ئەنجامە بەراییەكان و زنجیرەیەك پرۆسەی دووبارە ژماردنەوەی دەنگەكان ، پارتی گەلی كۆماری كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵی بردەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی