داوا لەئێران دەكرێت ئافرەتانە ئازادبكات لەسەر نەپۆشینی سەرۆپش دەستگیركراون

جیهان

21/04/2019‌ 660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران كرد دەستبەرداری سیاسەتی تەنگپێهەڵچنین‌و دەستگیركردنی ئەو چالاكوانانە بێت، لەبواری بەرگریكردن لەمافەكانی مرۆڤ و مافەكانی ژنان كاردەكەن ، تەنیا لەبەر ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتیانە نارەزایەتیان لەبەرانبەر ئەو یاسایانە دەربڕیوە جیاكاری و سووكایەتییان تێدایە لەبارەی پۆشینی سەرپۆش لە ئێران.

ڕێكخراوەكە داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران كردووە، كە دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرج ئەو چالاكوانە ئافرەتانە ئازاد بكات، رایگەیاندووە، دڵنیا بووینەتەوە هەردوو ژنە چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان یاسەمین ئاریانی و مونیرە  عریشاهی هەفتەی رابردوو دەستگیر كراون ، هەروەك ویدا موەحەدیش، كە پێشتر لە ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٨ دەستگیر كرابوو بەساڵێك حوكم دراوە ، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتیانە نارەزایەتی بەرانبەر بە پۆشینی سەرپۆش دەربڕیوە.

ماجدالینا مەغریبی یاریدەدەری نووسینگەی هەرێمی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا دەڵێت: "وادیارە دەسەڵاتدارانی ئێرانی هێرشێكی تەندیان دەستپێكردووە لەبەرانبەر زیادبوونی ئەو تەحەدایەی كچان و ژنانی ئێرانی دژ یاساكانی ناچاریانەی پۆشینی سەرپۆش دەستیان داوەتێ ، ئەوەش لەپێناو ترسناندن و بێدەنگكردن و ملكەچپێكردنیان".

ڕێكخراوەكە ئەوەشی راگەیاندووە، كە دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی ئێران لەڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەی لە ئافرەتانی چالاكوان دەكەن و هۆشداری ئەوەیان پێدەدەن كە ئەگەر بێت و لەسەر ئەو جۆرە چالاكییانە بەردەوام بن ئەوە دەستگیر دەكرێن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی