ڕاپرسییەكەی میسر سەرۆكایەتی سیسی بۆ 2030 درێژدەكاتەوە

جیهان

21/04/2019‌ 544 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خەڵكی میسر بەشدارییان  لە ڕاپرسییەكی سێ ڕۆژەدا كرد، كە بۆ گۆڕانكاری لەدەستووری وڵات رێكخراوە ، كە ئەوە دەسەڵاتی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی وڵاتەكە درێژ دەكاتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو ڕاپرسییە لە ڕۆژی شەممەوە دەستیپێكردووە و لەو نێوەندەشدا پشتیوانانی سیسی سەرۆكی وڵات لەو بڕوایەدان ئەو چاكسازییەك پێویستە تا سیسی دەرفەتی باشتری بۆ تەواوكردنی پەرەپێدانی  پڕۆژەكان‌و چاكسازییە گەورە ئابوورییەكانی هەبێت. 

لەگەڵ ئەمەشدا ڕەخنەگران لەوڵاتەكە ئاماژە بەوە دەكەن، بەجێبەجێكردنی ئەو گۆڕانكارییانە، دەسەڵاتی زیاتر بەسیسی دەدرێت و میسر بە قۆناغی دیكە دەگەڕێنێتەوە.

لەكاتێكدا وا پێشبینیش دەكرێت، كە ئەو گۆڕانكارییانە پەسەند بكرێن، هەندێك لەكارناسان لەو بڕوایەدان ڕێژەی پێشوازیكردن لەو راپرسییە وەك پێوەرێكیش بۆ خۆشەویستی سیسی لەمیسر سەیر دەكرێت، كە لە ساڵی2016ەوە هەندێك چاكسازی لە بواری ئابووری لە وڵاتەكەیدا دەستپێكردووە.

لەهەمانكاتدا سیسی ساڵی ڕابردوو بۆ جارێكیتر وەك سەرۆكی وڵاتی میسر بۆ قۆناغێكی چوار ساڵەی سەرۆكایەتیكردنی هەڵبژێردرایەوەو بە پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكانی دەستووریش دەتوانێت تا ساڵی 2030 لەدەسەڵات بمێنێتەوە.

ئۆپۆزۆسیۆنی میسریش داوای لە پشتیوانانی خۆی كردووە لەجێی بەشدارینەكردن لەو راپرسییە، بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگی نەخێری خۆیان بەم ڕاپرسییەكە بدەن.

حەمدین سەباحی و خالید عەلی دوو كاندیدی پێشووی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی میسریش بەبڵاوكردنەوەی هەندێك وێنەی خۆیان پەیوەست بەدەنگدانی نەخێریان لە ڕاپرسییەكەدا، بەشدارییان لەم پڕۆسە كرد.

وەرگێڕان: یاسین نادر