حەسەن نەسروڵڵا سۆپرایزەكەی دەتەقێنێتەوە
سەركردەكانی حیزبوڵڵا بۆ كاتی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ئاگاداردەكاتەوە

جیهان

22/04/2019‌ 3415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەی "الرای" ی كوێتی باسی ئەوەی كردووە، ئەمینداری گشتی "حزب الله "ی لوبنانی حەسەن نەسروڵڵا، وای داناوە لەم هاوینەدا ئەگەری روودانی جەنگێكی لەناكاو لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.

رۆژنامە كوێتییەكە لە راپۆرتێكی بڵاویكردەوە، نەسروڵڵا سەركردەكانی حیزبی لە ناوچەكان لە میانی كۆبوونەوەیەكەدا ئاگاداركردووەتەوەو رایگەیاندووە "من لە نێوتاندا بۆ ماوەیەكی زۆر نامێنمەوە و زیاتر لە سەركردەیەكتان لەرێزی یەكەم لەگەڵ مندا دەكوژرێن، پاشان لەوانەیە ئیسرائیل سەركەوتوو بێت لە تیرۆركردنی سەركردەكان.. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە حزب الله كۆتایی دێت، بەوەی پشت بە بوونی تاكەكان نابەستێت، بەڵكو بەشێكە لە كۆمەڵگەی لوبنانی ، كە دەمێنێتەوە لەم وڵاتە.

نەسروڵڵا باسی ئەوەی كردووە، بەڵگەی زۆر هەیە ئیسرائیل سۆپرایزی بۆ هەمووان دەبێت، وەك جەنگی 2006، بەڵام سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ وەك سەرۆك وەزیرانی پێشوو ئیهۆد ئۆلمرد ڕاڕاو دوودڵ نییە. 

هەروەها رایگەیاندووە، وەك ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵی 2008 لە غەزە ئەنجامیدا، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە هەمان سیناریۆ لە ساڵی 2019 دا دووبارە بكاتەوە بەمەبەستی نەهێشتنی هەڕەشەی داهاتووی حزب الله بۆ هەتا هەتایە، لەبەرئەوە، گەلی لوبنان و ژینگەكەی دەبێت ئامادە بێت بۆ هەموو ئەگەرەكان.

دیارە رۆژنامەكە ئەو سەرچاوەیەی ئاشكرا نەكردووە، كە زانیارییەكانی دەربارەی نەسروڵڵا پێداوە، بەوەی وتویەتی : هیچ كاتێك ناوبراو وەك ئێستا رەش بین نەبووە، بەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی لەرێژەی نیوە بەسەرەوە زانیوە، سەرچاوەكە دەشڵێت: هیچ كەسێك توندوتیژی جەنگی ئایندە نازانێت، بەڵام بڕوا وایە ئیسرائیل نزیكەی 1000 بۆ 2000 هەزار ئامانجی داناوە بۆ پێكان و وێرانكردنیان، تەنیا لە رۆژانی یەكەمی جەنگەكەدا. 

"بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل دەست بە جەنگ دەكات ئەگەر شوێنی نصر الله بزانێ بۆ تیرۆركردنی .. ئەمەش ئەو نرخەیە، كە سەركردایەتی ئیسرائیل لەبەرانبەر رازی كردنی بۆچونی گشتی ئیسرائیل دەیدات، لە دۆخی هەڵدانی رۆكێتەكانی حزب الله بە ئاراستەی ئەو وڵاتە"، سەرچاوەكەی وای وتووە.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی نزیك لە حزب الله، ئەوەی لە رۆژنامەكەدا هاتووە رەتیكردەوە و گوزارشتی لەوە كرد ئەوەی لەوتارەكەدا هاتووە راست نییە و تەنیا لە خەیاڵدانی نووسەردایە، سەرچاوەكە دووپاتیكردەوە، دیداری نەسروڵڵا و سەركردەكانی حیزب پێش چەند هەفتەیەك ئەنجامدراوەو هەندێك لەناوەرۆكەكەی دزەی كردە نێو راگەیاندنەكانەوە، ئەمەش بەگوێرەی ماڵپەڕی "لبنان 24".

لە هەمان كاتدا ماڵپەڕی " لیبانون دیبایت" بڵاویكردەوە، رۆژی دووشەممە نصر الله قسەی بۆ راگەیاندنەكان دەبێت، لەمیانیدا باس لەكۆمەڵێك بابەت دەكات، لە نێویاندا دۆسییەی بودجەو هەڵوێستی فەرمی حزب الله، بەتایبەتی لەژێر رۆشنایی ئەو قسەیەی باس لە رێكاری پەنا بۆ بردنی توندو یەكلاكەرەوە دەكات، بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنان.

سەرچاوە: Sputnik news
وەرگێڕان: حیلمی رەسوڵ رەزا