چۆن كاریگەری خراپی شاشە ئەلیكترۆنییەكان لەسەر چاو كەمدەكەیتەوە؟

تەندروستی

22/04/2019‌ 1334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژ بە رۆژ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییە شاشەدارەكانی وەك كۆمپیوتەر و مۆبایل و ... هتد زیاد دەكات، كە كاریگەریی خراپ دەكەنە سەر هەندێك لە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، بەتایبەتییش چاو. 

بەپێی لێكۆڵینەوەكان 90%ی ئەوانەی كاریان لەسەر كۆمپیوتەرە، تووشی كێشەی چاو دەبن، كە ئەمەش بەهۆی زۆر تەركیز كردنە سەر شتی نزیك بۆ ماوەی زۆر ڕوو دەدات، بەتایبەت كە ڕۆژیی دوو كاتژمێر زیاتر بێت. 

وای لێهاتووە زاراوەیەكی نوێ هاتووەتە ناو كایەی زانستییەوە كە ئەویش (computer vision syndrome)ە، كە بە مانای (كۆنیشانەی بینایی بەهۆی كۆمپیوتەر)ەوە دێت. لە سەرەتادا نیشانەكانی بریتین لە ئازار و وشك هەڵگەڕان و سوور بوونەوەی چاوەكان. بێگومان ئەمە وەك ناوەكەی، تایبەت نییە تەنها بە كۆمپیوتەر، بەڵكو شاشەی سەرجەم ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دەگرێتەوە.

هێنانەجێی ئەم ڕێنماییانە دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی ئەو حاڵەتە:

1.سەر لە پزیشكی چاو بدە تا پشكنینی تەواو بۆ چاوت بكات. بەپێی ڕێنمایی ناوەندە تەندروستییەكان، ئەوانەی كاریان لە سەر كۆمپیوتەرە، دەبێت ساڵانە پشكنین بۆ چاویان ئەنجام بدەن.

2.چەند شاشەی كۆمپیوتەرەكە ڕووناكتر بێت، ئەوەندە زیانی زیاترە بۆ چاو. وا باشە ژوورەكەش كەمێك تاریك بێت تا شاشەی كۆمپیوتەرەكە پێویستیی بە ڕووناكی كەمتر بێت.

3.چاویلكەی تایبەت بە كۆمپیوتەر بەكار بهێنە. بەتایبەت ئەوانەی كە عەدەسەیان لەچاودایە.

4.مۆدێلە نوێكانی شاشەی كۆمپیوتەر كەمتر ئازاری چاو دەدەن.

5.شاشە چەند بچووكتر بێت، پێویستی بە تەركیز كردنی زیاتر هەیە، بۆیە تا دەكرێت كۆپیوتەر و لاپتۆپی شاشە بچووك بەكار مەهێنە.

6.زوو زوو چاوت بترووكێنە، چونكە ئەم كارە دەبێتە هۆی ئەوەی چاوت وشك نەبێت و زیانی پێ نەگات. تێبینی كراوە خەڵكی ئەو كاتانەی لەسەر كۆمپیوتەرن، یەك لەسەر سێی كاتی ئاسایی چاویان دەترووكێنن و كە دەشیترووكێنن بە نیوەیی ئەنجامی دەدەن، وا ناكەن پێڵووەكانی سەرەوە و خوارەوەیان بگەنەوە بە یەك. دەبێت هەر بیست خولەك جارێك، دە جار لەسەر یەكتری چاو بترووكێنرێت.

7.مەشق بە چاوەكانت بكە، یاسای 20-20-20 پەیڕەو بكە، كە بریتییە لەوەی هەر بیست خولەك جارێك بۆ ماوەی بیست چركە سەیری شتێك بكرێت كە 20 پێ (6 مەتر) دوور بێت. ئەمە دەبێتە هۆی پشوو دان بە ماسوولكەكانی ناوەوەی چاو و ریِگری كردن لە ماندوو بوونی چاو.

8.ئەگەر ڕۆژانێك ناچار بوویت زۆر لەسەر كۆمپیوتەر بمێنیتەوە و هەستت بە وشكی چاوت دەكرد، ئەوە قەترەی (فرمێسكی دەستكرد) بەكار بهێنە.

9.سەرت زۆر لە شاشەكە مەبەرە پێشەوە. نابێت دووریی سەرت لە كۆمپیوتەرەكە باڵێك كەمتر بێت.

10.زوو زوو پشوو وەربگرە و لەسەر كۆمپیوتەر لاچۆ. لەو كاتی پشووەدا نابێت خۆت بە مۆبایلەوە خەریك بكەیت.

ئامادەكردن: پەیام والی
مامۆستای (IT) لە زانكۆی (تیشك)ی نێودەوڵەتی